رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی نرخی زێڕ بۆ سێیەم هەفتەی لەسەریەک دابەزی، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دەرکەوتنی ئاماژەکان بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە لایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە.
لە مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا، نرخی زێڕ بە رێژەی 0.6% دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی بە 4155 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها لە گرێبەستە ئایندەییەکانی ئەمریکادا بۆ رادەستکردنی لە مانگی ئابدا (مانگی 8)، نرخی زێڕ بە رێژەی 1% دابەزی و گەیشتە 4202 دۆلار.
بەهای دۆلار گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی یەک ساڵی رابردووی خۆی، ئەمەش وایکردووە کڕینی زێڕ بۆ ئەو وڵاتانەی کە بە دراوی نیشتمانی مامەڵە دەکەن، گرانتر بکەوێت.
تیم واتێرەر، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (KCM Trade) رایگەیاند: «ئەو بەرزبوونەوەیەی پێشتر لە نرخی زێڕدا هەبوو، کە بەهۆی رێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئەمریکا و ئێران هاتبووە ئاراوە، زۆری نەخایاند؛ دۆلار جارێکی دیکە بەهێزبووەوە و سەرنجی بازرگانانی بۆ لای خۆی راکێشایەوە.»
ئەو شارەزایە دەشڵێت: «هەڵوێستی توندی کێڤن وارش، سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، وایکرد کاریگەرییە ئەرێنییە سیاسییەکان لەسەر زێڕ نەمێنن"
ئێستا 9 لە کۆی 19 بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا (فیدراڵ رزەرف) پێیان وایە پێویستە ئەمساڵ رێژەی سوود بەرز بکرێتەوە. بازرگانانیش بە رێژەی 87% چاوەڕێ دەکەن لە مانگی کانوونی یەکەمدا (مانگی 12) سوودی بانکی بەرز بکرێتەوە.
هاوکات بانکی (گۆڵدمان ساکس) پێشبینییەکانی بۆ نرخی زێڕ گۆڕی و رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ نرخی هەر ئۆنسەیەک دەگاتە 4900 دۆلار، لە کاتێکدا پێشتر پێشبینی دەکرد بگاتە 5400 دۆلار. هۆکاری کەمکردنەوەی پێشبینییەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بانکەکە چیدی چاوەڕێی کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا ناکات.
لە رووی سیاسییەوە، بارودۆخی ناوچەکە تا رادەیەک ئارام بووەتەوە؛ کەشتییە نەوتییەکان بە بێ کێشە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕ دەبن و ئەمریکاش هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانی راگەیاندووە.
