رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، لە رێگەی جێبەجێکردنی پلانێکەوە هەوڵ دەدەن لە دوو مانگدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بگەیێننەوە زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. بەرپرسانی کێڵگەی رومەیلەش لە بەسرە داوا دەکەن رێگەیان پێبدرێ بەرهەمهێنانی رۆژانەی کێڵگەکەیان بۆ 550 هەزار بەرمیل زیاد بکرێ.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی شەممە 20ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەت پلانێکی هەیە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بە شێوەی پلەبەندی، بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردن و گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ پێش جەنگ."
بەگوێرەی نووسراوێکیش کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بەرپرسانی کێڵگەی نەوتی رومەیلە لە بەسرە داوایان کردووە بڕی بەرهەمهێنانی نەوت 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکرێ. پێشتر توانای بەرهەمهێنانی ئەو کێڵگەیە 350 هەزار بەرمیل بوو، بەو پێیە کۆی گشتیی توانای بەرهەمهێنانی دەگاتە 550 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
سەلیم روکابی گوتی، وەزارەت هەوڵ دەدات لە دوو مانگدا ئاستی بەرهەمهێنان بگەیێنێتەوە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا و گوتیشی: "لە قۆناخی ئێستادا جەختکردنەوەی سەرەکی لەسەر ئەو کێڵگانەیە کە گازی شل بەرهەم دەهێنن."
لەبارەی کاری کۆمپانیا بیانییەکان لە کێڵگەکانی نەوت، سەلیم روکابی گوتی: "زۆربەی کۆمپانیاکان، بەتایبەتی کۆمپانیاکانی چین لە شوێنەکانی خۆیان ماون و هەر کۆمپانیایەک کارە تەکنیکییەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی نەوت تەواو کردبێت، دەستی بە پڕۆسەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان کردووەتەوە."
بە گوێرەی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەرهەمهێنانی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی 1.5 ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا.
لە کۆبوونەوەی 7ی حوزەیرانی 2026 گرووپى ئۆپێک پڵەس، بڕیاردرا کە لە مانگی تەممووزەوە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 188 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکرێ و پشکی عێراقیش لەو زیادکردنە 26 هەزار بەرمیلی رۆژانە دەبێ.
دۆخی جەنگ لە ناوچەکە وایکردووە کە کێشە بۆ هاتووچۆی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت لە تەنگەی هورمز دروست بێت، کە رێڕەوی هەناردەی زیاتر لە 90%ی نەوتی عێراقە.
