رووداو دیجیتاڵ
کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، بەهۆی هێرشەکەی ئەمریکاوە بۆ سەر باشووری وڵاتەکەی، پێداچوونەوە بە دۆسیەی دانوستاندنەکاندا دەکات. تاران هۆشداریش دەدات کە هێزە چەکدارەکانیان لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ "بەرپەرچدانەوەی هەر سەرکێشییەکی دیکە".
رۆژی چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی، تیشکی خستە سەر هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی باشووری ئێران و رایگەیاند: "شەوی رابردوو لە مەیدانی جەنگدا بە بەهێزترین شێوە بەرپەرچی دووژمنمان دایەوە و هێزی خۆمان نیشان دان؛ ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە تووندڕۆییەکی ئەوان.
سەبارەت بە کاریگەریی هێرشی ئەمریکا لەسەر دانوستاندنەکان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشهاتانەی شەوی رابردوو روویان دا، پێویستە ئێمە دۆخی ئێستا و چۆنیەتیی بەردەوامبوونی رەوتی دانوستاندنەکان لێک بدەینەوە."
بەقایی ئەوەشی خستەڕوو کە سیاسەتی دەرەوە و هێزی سەربازیی وڵاتەکەی تەواوکەری یەکدین و رایگەیاند: "من هەمیشە گوتوومە کە دیپلۆماسی و مەیدانی جەنگ دوو شتی جیاواز نین، بەڵکوو هاوتەریب و تەواوکەری یەکدین؛ هەردووکیان ئامرازی سەرەکین بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانیی ئێران."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی تووندی لە رەفتارەکانی واشنتن گرت و گوتی: "رەوتی دیپلۆماسی لە بۆشاییدا سەرناگرێت؛ بۆ پێشخستنی هەر کارێکی سیاسی، پێویستت بە کەمترین کەشوهەوای لەبار هەیە. بەداخەوە ئەمریکا هەم بە ناردنی پەیامی دژبەیەک و هەم بە گۆڕینی بەردەوامی هەڵوێست و داواکارییەکانی، زیان بە پڕۆسەی دیپلۆماسی دەگەیەنێت."
ناوبراو تیشکی خستە سەر پێشێلکردنی رێککەوتنەکان و گوتی: "ئەمریکا لە رێگەی پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەستەوە بەربەست بۆ چارەسەرەکان دروست دەکات.
ئیسماعیل بەقایی راشیگەیاند: "نەک تەنیا ئەمریکا، بەڵکو قەوارەی زایۆنیش بە پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست لە لوبنان، خەریکە زیان بەم رەوتە دەگەیێنێت. سروشتییە کە هەر پڕۆسەیەکی دیپلۆماسی بەهۆی پەنابردن بۆ هێز و ئەنجامدانی کاری نایاسایی لە گۆڕەپانەکەدا، تووشی پاشەکشە و زیان دەبێت."
وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی ئاپاچی سوپای ئەمریکا کە شەوی پێشووتر لەلایەن ئێرانەوە خرابووە خوارەوە، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئێران.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا کاژێر 5:00ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (12:00 شەو بە کاتی هەولێر) بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، دەستیان بە هێرشی بەرگری لە خۆکردن کردووە.
سێنتکۆم هێرشەکەی بە "وەڵامێکی گونجاو بۆ دەستدرێژییە بێ پاساوەکەی ئێران" وەسفکرد.
قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێرانیش رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئێران بە پاساوی "کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان"، هەندێک لە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرانە ئامانجی ئەرتەش و سوپای پاسدارانی ئێران.
هەروەها سوپای پاسدارانیش دەڵێت، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا، هێرشیان کردووەتە سەر 21 ئامانجی سەربازیی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە، لەوانەش ناوەندی کەشتیگەلی پێنجەمی سوپای ئەمریکایان لە بەحرێن کردووەتە ئامانج.
هاوکات هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران رایگەیاند، بە مووشەکی دوورهاوێژ، هێرشی کردووەتە سەر چوار ئامانجی ستراتیژی لە ناو خاکی ئوردن.
