رووداو دیجیتاڵ
میدیایەکی نزیک لە سوپای پاسدران بڵاوی کردەوە، دوو هەفتە لەمەوپێش دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان تاران و واشنتن گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی بۆ پەسندکردن، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا چەند خاڵێکی لێ زیاد کردووە و ئێرانیش رەتی کردووەتەوە واژۆی بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-06-2026، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی چاوەڕوانکراوی ئەمشەوی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران رادەگرێت، ئاژانسی هەواڵی فارس کە نزیکە لە سوپای پاسداران لەسەر زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندی دانوستاندنکاری تارانەوە بڵاوی کردەوە: ''پێچەوانەی لێدوانەکانی ترەمپ، هیچ دەقێکی رێککەوتن لەنێوان تاران و واشنتن نەگەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و پەسند نەکراوە.''
کەمێک دواتر، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەوەی دەربارەی رێککەوتن دەگوترێ ئەگەرە و پرسەکە نەگەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی."
بەقایی گوتیشی: "ئەگەر ئێران لە ژێر گوشار و هەڕەشەدا لە هێڵە سوورەکانی سازشی کردبا، پێش ساڵێک ئەو کارەی دەکرد."
فارس هەندێک زانیاریی دیکەی سەبارەت بە پڕۆسەی دانوستاندنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، نزیکەی دوو هەفتە لەمەوپێش تاران و واشنتن نزیک بوون لە گەیشتن بە رێککەوتنێک، بەڵام دوای گۆڕانکاریی دەقی یاداشتە سەرەتاییەکە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، ئێران رەتی کردووەتەوە واژۆی لەسەر بکات.
لە وەردەکاریی راپۆرتەکەدا هاتووە، ''ئەوکات دەقی یاداشتەکە تاوەکو رادەیەکی زۆر یەکلایی بووەتەوە و تەنیا چاوەڕێی پەسندکردنی کۆتایی لە تاران و واشنتن دەکرا، بەڵام لە کاتی پێداچوونەوەکەدا، ترەمپ جارێکی دیکە و پێچەوانەی رێککەوتنی دانوستاندنکارە ئەمریکییەکان کە رەشنووسەکەی ئێرانیان پەسند کردبوو، داوای زیادکردنی چەند وردەکارییەکی نوێی کرد.''
بەگوێرەی ئەژانسی هەواڵی فارس، لە بەرامبەردا ئێران بە شاندی دانوستاندنکاری ئەمریکای راگەیاندووە، پێداچوونەوە بەو دەقە نوێیە ناکات و بە کردەیی وەڵامی ئەمریکای نەداوەتەوە.
وەک فارس نیوز نووسیویەتی، دوای رەتکردنەوەی ئێران بۆ پەسندکردنی یاداشتەکە، گرژییە پچڕپچڕەکان لە تەنگەی هورمز، هێرشکردنە سەر باشووری وڵاتەکە و هەروەها هێرشەکەی سەر زاحیەی بەیرووت لە لوبنان، بە کردەیی دۆسیەی دانوستاندنیان پەکخستووە.
''ئەمریکا لە زیادکردنی خاڵی نوێ بۆ یاداشتەکە پاشەکشەی کرد''
ئەژانسی هەواڵی فارس ئەوەشی خستووەتەڕوو، رۆژی چوارشەممەوە، شاندێکی قەتەر بۆ نێوەندگیری سەردانی تارانی کردووە و پاشەکشەی ئەمریکای لەو خاڵانە راگەیاندووە کە دۆناڵد ترەمپ زیادی کردبوون؛ ''واتا گەڕانەوە بۆ هەمان ئەو دەقە سەرەتاییەی کە هێشتا چاوەڕێی پەسندکردنی کۆتایی لە ئێران دەکرا.''
بەگوێرەی راپۆرتەکەی فارس نیوز، سەرۆکی ئەمریکا بە ''دەستپێکردنی هەڵمەتێکی میدیایی و بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە''، هەوڵی داوە وا پیشان بدات کە ئێران لەژێر گوشاری بۆردوومان و هێرشەکاندا پاشەکشەی کردووە، ''بەڵام راستییەکەی ئەوەیە تاوەکو ئەم ساتە، نەوەک هەر ئێران وەڵامی کۆتایی نەداوەتەوە، بەڵکو ئەوە ئەمریکا بووە گەڕاوەتەوە سەر داواکاریی پێشووی خۆی.''
فارس سەبارەت بە ئەگەری رێککەوتینی ئەمریکا و ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، ''بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەمریکا دەقە پێشنیازکراوەکەی ئێرانی پەسند کردووەتەوە، ئەگەری پێداچوونەوە بەم دەقەدا [لەلایەن تارانەوە] هەیە.''
ئەمشەو دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، ''لەبەر ئەوەی دانوستاندنـەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی سەرکردایەتیی ئێران و پەسەند کراون، وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هێرش و بۆردوومانە پلانبۆدانراوەکانی ئەمشەوم بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندنەوە."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە رێککەوتنەکە رەزامەندیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەسەرە و ''دانوستاندنـەکان و خاڵەکانی کۆتایی، لە رووی بیرۆکە و وردەکاریی زۆرەوە، لەلایەن سەرجەم لایەنە بەشدارەکانەوە پەسەند کراون، لەنێویاندا ئەمریکا، ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، تورکیا، پاکستان، بەحرێن، کوێت، ئوردن، میسر و چەندین وڵاتی دیکە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، "کات و شوێنی واژۆکردنەکە بەم زووانە رادەگەیێندرێت."
