رووداو دیجیتاڵ
توانای کڕینی خەڵک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە لە دابەزین. کۆمەڵناس و مامۆستایەکی زانکۆی تاران دەڵێت، بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری، پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و وەچەخستنەوە کەم بووەتەوە و پێشبینیی شەپۆلێکی کۆچکردن لە وڵاتەکە دەکرێ.
دابەزینی نرخی تمەن لە بەرامبەر دۆلار، دەستپێکی کێشەکانی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام کاتێک تمەن بەهای خۆی لەدەست دەدا، جیا لە دابەزینی هێزی کڕین، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دەروونی خەڵکیش دەبێ.
د. فازڵ ئەلیاسی، کۆمەڵناس، توێژەر و مامۆستا لە زانکۆی تاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هەر وڵاتێک شەڕ، هەڵاوسان، گرانی و بێکاری هەبێت، لە بواری دەروونییەوە کاریگەریی زۆر نەرێنی دەخاتە سەر کۆمەڵگە.
د.فازڵ ئەلیاسی ئاماژەی بە گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران کرد و گوتی: ''دەیان ساڵە بێکاری، هەڵاوسان و هەژاری دەروونی تاکی ئیرانی بنکۆڵ دەکەن.''
بەگوتەی ئەو کۆمەڵناسە، دۆخی دەروونیی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەیشتووەتە ئاستێک لە خراپی کە نزیک بوونەتەوە لە ''ترۆمای بەکۆمەڵ''.
''جیابوونەوە و تووندوتیژی زیادیان کردووە''
بەگوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و گرانی لە وڵاتەکە، پەیوەندیی راستەوخۆیان بە بەرزبوونەوەی دیاردەکانی هەژاری، جیابوونەوە و تاوان هەیە.
ناوەندەکە سەبارەت بە جیابوونەوەی هاوژینەکان ژمارەی مەترسیداری بڵاو کردووەتەوە. ساڵی 2019 لە بەرامبەر هەر 100 پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، 27 جیابوونەوە (27٪) لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە، بەڵام ساڵی 2022 رێژەکە بەرزبووەتەوە بۆ 34٪.
هەر بەگوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران، لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و قورسترکردنی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران، لە ساڵی 2025ـدا 39٪ـی ژیانە هاوژینییەکان هەڵوەشێنراونەتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە لە تاران رێژەکە لە تێکڕای ئێران زیاترە و لانیکەم لە هەر 100 پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، 53ـیان دەگاتە جیابوونەوە.
جیا لە جیابوونەوە، زیادبوونی تووندوتیژیش پەیوەندیی راستەوخۆی بە هەڵاوسانەوە هەیە. د. فازڵ ئەلیاسی گوتی، بەهۆی زۆربوونی گوشاری دەروونیی سەر خەڵک، ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە شەڕ، تووندوتیژی و پێکدادان لەگەڵ یەکدی بریندار دەبن.
بەگوتەی ئەو مامۆستایەی زانکۆ، ئێستا کۆمەڵگەی ئێران گۆڕاوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تووڕە و شەڕانگێز.
''زیاتر لە 20 ملیۆن کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کرێنشینن''
بەرزبوونەوەی هەڵاوسان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ زیادکردنی کرێی خانوو. فازڵ ئەلیاسی دەڵێت، زیاتر لە 20 ملیۆن کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کرێنشینن؛ ''لە جەنگدا کرێ زیاتر لە 100٪ بەرزبوونەوە، بۆیە هەڵمەتێک دروست بووە و داوا لە خاوەن ماڵەکان دەکرێ دۆخی دارایی کرێنشینان لەبەرچاو بگرن.''
بەگوێرەی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی باری کەسیی ئێران، ساڵی 2024، نزیکەی 980 هەزار لەدایکبوون تۆمار کراون، بەڵام ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2025 دابەزیوە بۆ نزیکەی 892 هەزار و 300.
ئەو کۆمەڵناسە ئاماژەی بەوەش کرد، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و هەڵکشانی نرخەکان کاریگەرییان خستووەتە سەر وەچەخستنەوە؛ ''خەریکە رێژەی دانیشتووانی ئێران بەرەو کەمبوونەوە دەچێت. واتا خەڵک ئامادە نییە بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە ببێتە خاوەنی منداڵ و پێکهێنانی ژیانی هاوژینیش زۆر کەم بووەتەوە.''
''لە ئێران پێشبینیی شەپۆلێکی کۆچکردن دەکرێ''
دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە 8ـی نیسانی 2026 لەنێوان تاران و واشنتن، بازاڕی کاری ئێران رووبەڕووی یەکێک لە تووندترین شەپۆلەکانی کەمکردنەوەی هێزی کار و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری بووەوە. وێرانبوونی ژێرخانی پیشەسازی، پچڕانی درێژخایەنی ئینتەرنێت و دابەزینی بەرچاوی خواست، زۆر لە دامەزراوە ئابوورییەکانی ناچار کرد هێزی کاریان کەمبکەنەوە یان بەشێک لە چالاکییەکانیان رابگرن.
سەرەتای مانگی رابردوو ئەحمەد مەیدەری، وەزیری کاری ئێران رایگەیاند، تەنیا لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا زیاتر لە 150 هەزار کەس بۆ وەرگرتنی بیمەی بێکاری ناوی خۆیان تۆمار کردووە.
هاوکات عەلیرەزا مەحجووب، سکرتێری گشتیی ماڵی کرێکارانی ئێران، باسی لە لەنێوچوونی زیاتر لە 700 هەزار هەلیکار کرد بەهۆی جەنگەوە و گوتی، 130 هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانەوە راستەوخۆ بێکار بوون و نزیکەی 600 هەزار هەلیکاریش بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەدەستچوون.
وەک د. فازڵ ئەلیاسی دەڵیت، جگە لەوەی گەنجەکان بەهۆی گرانی و خراپبوونی دۆخی داراییەوە بیر لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی ناکەنەوە، ''بە هەموو شێوەیەک'' هەوڵی رزگارکردنی خۆیان لە دۆخی خراپی ئابووری و دەروونی دەدەن؛ ''پێشبینی دەکرێ لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا شەپۆلێکی دیکەی کۆچ دەستپێبکات و گەنجەکان بۆ دۆزینەوەی کار ئێران جێبهێڵن؛ ئەو شەپۆلە چاوەڕوانکراوە.''
ئەو کۆمەڵناسە باس لەوەش دەکات، پەرەسەندنی بێکاری، جیا لە هەڵکشانی هەڵاوسان، بارگرانی و گوشاری دەروونیی زۆری خستووەتە سەر خەڵک، ''گەنجەکان بێهیوا بوون. دەڵێن، دەبێ 300 ساڵ کار بکەن تاوەکو بتوانن ببنە خاوەن ماڵێکی 100 مەتری. ئەگەر باسی پێکهێنانی ژیانی هاوژینیشیان بۆ بکەیت، زۆر ئەستەمە بەهۆی ئەو ئاڵنگارییانەوە، قەناعەت بهێنن دەست بەو ژیانە بکەن.''
د. فازڵ ئەلیاسی باس لە بچووکبوونەوەی خوانی خەڵک دەکات و دەڵێت: ''توانای خەڵک بۆ کڕینی سەرەتاییترین شت زۆر کەم بووەتەوە. تەنانەت گۆشتیش لەسەر سفرەی خەڵک نەماوە.''
بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو، ئێران ئەزموونی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی هەبووە، بەڵام ئەو مامۆستایەی زانکۆی تاران ئاماژەی دا: ''دۆخی ئێستا زۆر جیاوازە لە رابردوو. چونکە لە یەک مانگدا نرخی هەر شتێک سێ یان چوار هێندە زیادی کردووە، ئەوەش لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بێوێنە بووە و بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و گوشارێکی زۆری دەروونی بۆ سەر خەڵک.''
''دەبێ چاوەڕێی نەوەیەکی کەم خوێندەوار بکەین''
بەشێک لە کاریگەرییەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، قوتابخانە و زانکۆکانی ئەو وڵاتەی گرتەوە. کاتێک دۆخی جەنگ راگەیێندرا، خوێندن کرا بە ئۆنڵاین. فازڵ ئەلیاسی ئەوەشی خستەڕوو: ''ئێستا واتای خوێندن و وانەگوتنەوە لە قوتابخانە و زانکۆکان وەک خۆی نەماوە. ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، دەبێ لە داهاتوودا چاوەڕێی نەوەیەکی کەم خوێندەوار بکەین.''
ئەو مامۆستایەی زانکۆ زیاتر روونی دەکاتەوە، لەو کاتەوە کە خوێندن کراوەتە ئۆنڵاین، 'نە قوتابی وەک خۆی وانەکانی دەخوێنێت و نە مامۆستاکانیش هیچ پاڵنەرێکیان بۆ وانەگوتنەوە هەیە؛ ''ئەوەش هەموو کاریگەرییەکانی جەنگ، گرانی، دۆخی خراپی ئابووریی [قوتابیان و مامۆستایان] و هەژارییە.''
''دووژمن هۆکاری دروستبوونی تەنگژەکانە''
ناوە ناوە دۆخی خراپی ئابووری، بێکاری و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان پاڵنەر دەبن بۆ ئەوەی بەشێک لە خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایی دەرببڕن؛ بەڵام بەرپرسانی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل بە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی تەنگژەکان دەزانن و بە ''دەستوەردانی تێکدەرانە'' لە کاروباری وڵاتەکەدا تۆمەتباریان دەکەن.
دوێنێ هەینی، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و وزەی وڵاتەکەی رایگەیاند: ''دووژمن بە دروستکردنی کێشە لە دابینکردنی سەرچاوەکانی ئاو، گاز و کارەبا، بەدوای دروستکردنی ناڕەزایەتیی گشتیدایە لەئێران''.
بەگوتەی مەسعود پزیشکیان، ئێران لە جەنگێکی ئابووریی قورسدایە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کە زۆر ''ئاڵۆزتر''ـە لە جەنگی سەربازی.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ''جەنگە ئابووری''ـیەی پزیشکیان باسی دەکات، ئەگەر چاوێک بە نرخی تمەن بەرامبەر دۆلاردا بخشێنین، سەرەتای ساڵی 2025 هەر 100 دۆلار بەرامبەر حەوت ملیۆن تمەن بوو، بەڵام ئەمڕۆ شەممە بەهای هەر 100 دۆلارێک گەیشتووەتە 17 ملیۆن و 300 هەزار تمەن. ئەوش بەو واتایە دێت کە تەمەنی ئێرانی 59.6%ـی بەهای خۆی لەدەستداوە.
