رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێ، سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی جۆری (سامپ/تی)ی ناتۆ لە پارێزگای کۆنیا جێگیر دەکرێت.
لە راگەیێندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "بە ئامانجی بەهێزکردنی بەرگریی هاوپەیمانیی ناتۆ، سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی جۆری (SAMP-T)ی ئیتاڵی لە فەرماندەیی بنکەی سێیەمی سەرەکیی فڕۆکە جەنگییەکان لە کۆنیا جێگیر دەکرێ. دانانی ئەو سیستمە بە ئامانجی زیادکردنی هاوئاهەنگیی نێوان وڵاتانی هاوپەیمان و بەهێزکردنی رێکارە ئەمنییە هاوبەشەکان لە ناوچەکەدا دراوە."
سیستمی بەرگریی ئاسمانیی SAMP-T چییە؟
سیستمی SAMP/T کە کورتکراوەی (Sol-Air Moyenne Portée/Terrestre)ـە، نەوەیەکی نوێی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی مەودا مامناوەند و دوورە کە بە هاوبەشی لەلایەن ئیتاڵیا و فەرەنساوە پەرەی پێدراوە.
ئەو سیستمە مووشەکی پێشکەوتووی جۆری ئاستەر15 و ئاستەر30 بەکاردەهێنێت؛ پاراستنێکی 360 پلەیی بەرامبەر فڕۆکە، هێلیکۆپتەر، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکە بالیستییە تاکتیکییەکان دابین دەکات.
سامپ/تی کە بڕبڕەی پشتی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ئیتاڵیا پێکدەهێنێت، لەسەر سەکۆی گەڕۆکی خاوەن جووڵەی خێرا جێگیر دەکرێ و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بۆ ئۆپەراسیۆن ئامادە دەکرێ.
سامپ/تی بەهۆی سیستمی راداری فرەکرداری (Arabel) یان نەوەی نوێی (Kronos) کە دەتوانێ لە یەک کاتدا چەندین ئامانج بدۆزێتەوە و تێکیان بشکێنێت، تەنانەت لە ژینگەی جەنگی ئەلیکترۆنیی چڕیشدا بە وردییەکی زۆرەوە کاردەکات و ئەرکی پاراستنی یەکە سەربازییەکان و ژێرخانە هەستیارەکان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ دەکات.
تورکیا سیستمی بەرگریی هەیە، بەڵام ناتوانێ کارای بکات
رۆژی 11ی نیسانی 2017، ئهنقهره بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی S400 رێککەوتنێکی لەگەڵ مۆسکۆ به گوژمهی 2.5 ملیار دۆلار واژۆ کرد.
رۆژی 12ی تهممووزی 2019 یهكهم كاروانی پارچهكانی سیستمی بهرگریی S400 گهیشتنه تورکیا.
دوای گەیشتنی تەواوەتیی پارچەکانی سیستمەکە، رۆژی 16ی کانوونی یەکەمی 2020 تورکیا تاقیکردەوە. ئەمە لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا حکومەتی ئەنقەرە ئەو سیستمەی کارا نەکردووە.
سیستمی بەرگریی ئاسمانیی لە جۆری S-400ـی رووسی یەکێکە لە پێشکەوتووترین و بەهێزترین چەکی بەرگریی ئاسمانی، توانای تەقاندنەوەی هەموو جۆرە مووشەکێکی بالیستیکی و مووشەکی کرووزیشی لە دووری 30 کیلۆمەتر هەیە.
