رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپرسییەکی کۆمپانیای (ORC) کە لە رۆژانی 23 و 24ـی ئایار لە 18 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کراوە، سەرەڕای بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆکی جەهەپە، بەشێکی زۆری دەنگدەرانی ئەو پارتە دانەبڕاون.
لەو راپرسییەدا کە دوو هەزار و 160 کەس تێیدا بەشدار بوون، رێژەی دەنگی دەنگدەرانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دوای بڕیاری (پووچەڵکردنەوەی 38مین کۆنگرەی پارتەکەیان) پێوراوە. بەگوێرەی ئەنجامەکان، بەشێکی زۆری جەماوەری جەهەپە بەردەوامن لە پشتگیریکردنی پارتەکەیان.
هەڵوێستی دەنگدەرانی جەهەپە
لە راپرسییەکەدا پرسیار لە بەشداربووان کراوە: (بڕیاری پووچەڵکردنەوەی رەها چۆن کاریگەری لەسەر بژارەی ئێوە بۆ دەنگدان دەبێت؟).
رێژەی 84.3٪ـی دەنگدەرانی جەهەپە رایانگەیاندووە بەردەوام دەبن لە دەنگدان بە پارتەکەیان، لە بەرامبەردا 6.7٪ گوتوویانە رەنگە روو لە پارتێکی دیکە بکەن و 9٪ـیش گوتوویانە دوودڵن و هێشتا بڕیاریان نەداوە.
ئەنجامەکانی راپرسییەکە ئاماژە بەوە دەکەن دوای پرۆسەی دادوەری، دابڕانێکی گەورە لەناو جەماوەری جەهەپەدا رووی نەداوە.
پووچەڵکردنەوەی رەها چییە؟
دەستەواژەیەکی یاساییە بۆ پووچەڵکردنەوەی کارێک یان رێکارێک بەکاردەهێندرێت. لە دۆسیەی جەهەپەدا بووە بڕیاری پووچەڵکردنەوەی 38ەمین کۆنگرەی جەهەپە کە ئۆزگور ئۆزەل تێیدا سەرکەوت. واتە ئۆزەل و سەرجەم ئەو بڕیارانەی دەریکردوون، لە رووی یاساییەوە بە نادروست دەمێننەوە و پارتەکە بە شێوەیەکی فەرمی رادەستی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتەکە دەکرێتەوە. دادگە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە گوایە لەکاتی کۆنگرەی جەهەپەدا مامەڵەی کڕینی دەنگ و بەلارێدابردن کراوە.
پشتگیری لە ئۆزگور ئۆزەل
لە راپرسییەکەدا پرسیار لەبارەی ئەوەش کراوە ئۆزگور ئۆزەل و ستافی بەڕێوەبردنی پارتەکە دەبێت چ رێگەیەک بگرنەبەر؟ 92.2%ـی بەشداربووان پێیانوابووە دەبێت سەرکردایەتیی پارتەکە لەناو جەهەپەدا بەردەوام بن لە خەبات.
تەنیا 7.8٪ـی بەشداربووان پێیانوابووە دەبێت ئۆزەل و تیمەکەی جیا ببنەوە و پارتێکی نوێ دابمەزرێنن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە زۆرینەی دەنگدەرانی جەهەپە لایەنگری یەکڕیزیی ناو پارتەکەیانن.
ئاکپارتی یەکەم و دەم پارتی سێیەمە
سەبارەت بە پرسیاری (ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردنی گشتی بکرێت، دەنگ بە کام پارت دەدەن؟) 32.4٪ی بەشداربووان دەنگیان بە ئاکپارتی دا. جەهەپە 28.5٪ و دەم پارتیش 9.6٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا و پلەکانی دووەم و سێیەمی راپرسییەکەیان گرت.
هەروەها پارتی گەلی کۆماری (مەهەپە) 7.7٪ و ئیی پارتی 5.6٪ی دەنگەکانیان هەیە.
بەگوێرەی ئەنجامەکانی ئەم راپرسییە، جیاوازیی نێوان ئاکپارتی و جەهەپە 3.9 خاڵە:
ئەنجامی راپرسیی ORC
ئاکپارتی: 32.4٪
جەهەپە: 28.5٪
دەم پارتی: 9.6٪
مەهەپە: 7.7٪
ئیی پارتی: 5.6٪
