رووداو - تەندروستی
سەرەڕای ئەوەی باوەڕی باو ئەوەیە کە ژنی دووگیان پێویستە پشوویەکی زۆر وەربگرێت، لەگەڵ کەمترین ماندووبوون لە ماوەی دووگیانیدا، توێژینەوەیەکی نوێ کە لە ئەمریکا کراوە، ئاشکرای کردووە کە رەنگە پێچەوانەکەی راست بێت.
بەگوێرەی توێژینەوەکە کە لەلایەن تیمێک لە توێژەرانی زانکۆی وێست ڤێرجینیای ئەمریکییەوە کراوە؛ دەرکەوتووە، ئەو خانمە دووگیانانەی بۆ ماوەیەکی درێژ دادەنیشن، ئەگەری تووشبوونیان بە ئاڵۆزییەکانی دووگیانی زیاتر بووە، بەراورد بەوانەی تەنانەت جووڵەیەکی کەمیش لە سیستمی رۆژانەیاندا هەیە.
لە نێو ئەو ئاڵۆزییانەی کە خانمانی دووگیان لە ئەنجامی نەجووڵان و زۆردانیشتن و پاڵکەوتن دەشێت تووشیان ببێت (بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، شەکرە، ژەهراویبوونی دووگیانی و لەدایکبوونی پێشوەختە)ـیە.
توێژینەوەکە بەدواداچوونی بۆ چالاکیی جەستەیی نزیکەی 470 خانمی دووگیان بۆ ماوەی یەک هەفتە لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا کردووە و ئەوەیان بۆ زانراوە کە لە هەر پێنج خانمێک، دووانیان کە رۆژانە 10 کاژێر یان زیاتر دادەنیشن، لەکاتی دووگیانیدا تووشی کێشە بوون، بەراورد بە یەک خانم لە هەر پێنجیاندا بۆ ئەوانەی رۆژانە تەنیا حەوت کاژێر یان کەمتر دادەنیشن.
د. بێسانی بارۆن، سەرپەرتیاری توێژینەوەکە دەڵێت "پێشبینیمان دەکرد دانیشتنی درێژخایەن لە ماوەی دووگیانیدا رەنگە خوویەکی ناتەندروست بێت، بەڵام دەرکەوت قەبارەی زیان و مەترسییەکانی لە ئەنجامی ئەوەوە لە پێشبینییەکانی ئێمە زیاترە''.
ئەوان دەڵێن، پێویست نییە جووڵەی خانمی دووگیان لە شێوەی راهێنانی وەرزشیدا بێت، بەڵکو هەستان و جووڵەکردن لە شوێنی خۆیدا یاخود بەپێ رۆیشتن رەنگە یارمەتیدەر بن بۆ خۆپاراستن لە ئاڵۆزییەکانی دووگیانی''.
