رووداو-تەندروستی
توێژەران لە ئەمریکا ئامێرێکی پزیشکیی بچووکیان بەرهەمهێناوە کە بە دەرزی دەخرێتە نێو لەجەستەوە و رێگەیەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ئازاری درێژخایەن و تێکچوونەکانی جووڵە دابیندەکات.
توێژەران لە زانکۆی نیویۆرک لە ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکەن ئامێرەکە، کە قەبارەکەی بە ئەندازەی دەنکێکی بچووکە، دەتوانرێت بە بەکارهێنانی دەرزییەکی ستاندارد بخرێتە نێو لەجەستەوە و لە نزیک دەمارێکی دیاریکراو دابنرێت، کاتێک لە شوێنی خۆی جێگیر دەبێت، ئاماژەی کارەبایی کۆنترۆڵکراو دەنێرێت کە کار لە رەفتاری دەمارەکە دەکا،. ئامێرەکە بەشێوەی بێتەل (وایەرلێس) لە دەرەوەی لەجەستە وزەی پێدەدرێت، ئەمەش رێگە بە پزیشکان یان نەخۆشان دەدات چالاکییەکەی رێکبخەن.
پرۆفیسۆر د. خەلیل رەمادی سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی نیویۆرک رایگەیاند: "ئەم تەکنەلۆژیایە توانای ئەوەی هەیە کەلێنەکە لەنێوان چارەسەرە بێ-دەستێوەردانەکان و ئامێرە چێندراوە تەقلیدییەکاندا پڕبکاتەوە، دەرگایەک بەڕووی چارەسەرگەلێکدا دەکاتەوە کە هەم کاریگەرن و هەم ئاسانن بۆ پێشکەشکردن، کە دەتوانێت بەشێوەیەکی بەرچاو چاودێریی نەخۆش باشتر بکات."
ئامێرەکە دەتوانرێت لە رێگەی سۆنەر و سیتی سکان شوێنەکەی بزاندرێت، ئەمەش رێگە بۆ دانانی بە ورد و چاودێریکردنی دەدات.
