رووداو-تەندروستی
ئەمڕۆ (شەممە) تاقیکردنەوەی پۆلی 12ـی ئامادەیی، لە سەرانسەری عێراق دەستیپێکرد و سبەیش لە هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەکان دەستپێدەکەن، پسپۆڕێکی دەروونیش لەگەڵ دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکاندا چەند رێنوێنییەک بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێی قوتابیان دەخاتەڕوو.
د. ئازاد خۆشناو پسپۆڕی دەروونی رایدەگەیێنێت، ژینگەیەکی ئارام و دوور لە سترێس کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئاستی قوتابی دەبێت، روونیدەکاتەوە سەپاندن و مەرجدانان لەسەر قوتابیان کە دەبێت ببن بە چی و وا نیشان دەدرێت کە داهاتوویان لەسەر ئەوە بەندبێت، وایکردووە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی قوتابیان دروستبکات.
سەبارەت بە کاتی تاقیکردنەوە، ئەو پسپۆڕە دەروونییە رێنمایی دەداتە قوتابیان و دەڵێت، "ئەگەر وەڵامی پرسیارێکت لەبیرچوو، با بچیتە سەر پرسیارەکانی دیکە و نەشڵەژێیت، لەکاتی بوونی سترێسێکی زۆر، هەناسەی قووڵ هەڵبمژە."
د. ئازاد خۆشناو جەخت لەسەر رەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ قوتابیان دەکاتەوە و دەڵێت، پێویستە قوتابی لەکاتی خوێندندا باش بخەوێت و لە رۆژی تاقیکردنەوە زووتر لە شوێنی تاقیکردنەوە ئامادەبێت و ژینگەیەکی لەبار و هاوکاریی بۆ بڕەخسێنرێت.
