رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، ئەو کەسانەی هاوژینەکانیان گیانیان لەدەستداوە یاخود لە هاوژینەکانیان جیا بوونەتەوە، ئەگەری مردنی لەناکاویان زیاترە بەراورد بەوانەی لەگەڵ هاوژینەکانیان ماونەتەوە.
توێژینەوەکە شیکارییە و لە نەرویج لەسەر ئەو کەسانە کراوە کە جیابوونەوەتەوە یاخود هاوژینەکانیان مردوون ئەمەش لەماوەی 30 ساڵدا بە بەشداریی 60 هەزار کەس دەرکەوت (مردنی هاوژین 14٪ ئەگەری مردن زیاد دەکات، تەنانەت ئەوانەشی کە لە هاوژینەکانیان جیا بوونەتەوە زیاتر ئەگەری مردنەکە بەهێزتر بووە).
دەیڤد رود، مامۆستای دەروونناسی لە زانکۆی مێمفیس و بەڕێوەبەری پەیمانگەی رود بۆ رێگریکردن لە خۆکوشتن دەڵێت: ئەم دەرەنجامانە جەخت لەوە دەکەنەوە، دابڕانی کۆمەڵایەتی کاریگەرییەکی بەرچاوی لە ئەگەرەکانی مردن هەیە و دەکرێت بەهۆیەوە کەسێک گیان لەدەستبدات، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ تەندروستیی، دڵخۆشیی و مانەوەی پێویستن''.
کاریگەرییە ئەرێنییەکانی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەسەر تەندروستی
1- ئازار لابەرە
توێژەرانی زانکۆی کۆلۆرادۆ، بولدەر و زانکۆی هەیفا لە ئیسرائیل بۆیان دەرکەوتووە، کاتێك دوو کەسی خۆشەویست یان پیاوێك دەست لە هاوژینە خۆشەویستەکەی دەدات، لێدانی دڵ و هەناسەیان هاویەک دەبن و ئازاری خانمەکە کەم دەکاتەوە. هاوکات دەرکەوتووە؛ ئەوانەی کە پێکەوە دەژین، هەوڵدەدەن وەک یەک رەفتار بکەن.
پاڤێڵ گۆڵستین، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، چەندە پەیوەندی هاوژینی نێوان دوو کەسەکە زیاتر بێت، هێندەش کاریگەریی ئازارشکێنی دووکەسەکە زیاتر دەبێت.
2- یارمەتیی بەدەستهێنانی ئامانجە تەندروستەکان دەدات
پەیمانگەی نەتەوەییە لەبارەی بەساڵاچوون، سەنتەری توێژینەی بەریتانی بۆ شێرپەنجە، دەستەی پزیشكانی دڵی بەریتانی و کۆلێژی زانکۆیی لەندەن لە بەریتانیا رایدەگەیێنن، ئەگەر ویستت گۆڕانکارییەک لە خراپەوە بۆ باش دروستبکەیت، ئەوا با هاوژینەکەشت ئەنجامی بدات، چونکە دوو کەس سەرکەوتووترن لە یەک کەس.
توێژەرەکان بۆیان دەرکەوتووە، 50٪ـی خانمان سەرکەوتووبوون لە وازهێنان لە جگەرەکێشان ئەوکاتەی هاوژینەکەیان لەگەڵیان بەشداربووە. لە کاتێکدا تەنیا 17٪ـی ئەوانە سەرکەوتووبوون کە بەتەنیا هەوڵیانداوە.
3- یارمەتیی دابەزاندنی کێش دەدات
زانکۆی جۆنهۆپکینز لە ئەنجامی توێژینەوەیەکیدا رایگەریاندووە، هەوڵدان بۆ دابەزاندنی کێش لەگەڵ هاوسەرەکەتدا سەرکەوتووترە. د. لاورا کۆب، هاونووسەری توێژینەوەکە لە زانکۆی جۆن هۆپکینز دەڵێت: زۆربەی ئەوانەی کە وەرزشی رێک ئەنجامنادەن، کاتێك هاوژینەکەیان وەرزش دەکات لەگەڵی بەشداردەبن و هەوڵی تەندروست بوونیان دەدەن.
4- جەستە و دەروون دەپارێزێت
پزیشكانی زانکۆی کاردیف لە بەریتانیا دەڵێن، لەکاتی لەکاتی توێژینەوەیەکدا بۆیان دەرکەوتووە پەیوەندییە درێژخایەنەکان لەگەڵ هاوژینەکەت بۆ دەرووندروستی و تەندروستی گرنگە. بەجۆرێك دەڵێن ئەوانەی هاوسەرگیریان کردووە زۆرتر دەژین و دەروونییان ئاسوودەترە.
5- مەترسیی نەخۆشییەکان کەم دەکاتەوە
پزیشكانی زانکۆی ویلایەتی میشیگن دەڵێن، ئەوانەی هاوسەرگییریەکی دڵخۆشکەریان هەیە، هێواشتر تووشی شەکرە دەبن و لەکاتی تووشبوون ئاسانتر چارەسەر دەکرێن. هاوکات کەمتر تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەبن و زۆرتر دەجووڵێن.
