رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی پسپۆڕی قەستەرەی دڵ لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، خواردنەوە وزەبەخشەکان پەستانی خوێن بەرز دەکەنەوە، ئەمەش پەستانی زیاتر لەسەر دڵ و لوولەکانی خوێن دروستدەکەن و دەشێت ببنە هۆی جەڵتە و سستبوونی دڵ.
د. چێنگ هان چێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکان و قەستەرەی دڵ ئاشکرای دەکات، ئەوەی دەخورێت و دەخورێتەوە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن هەیە و دەشێت بە زیانێکی زۆر و مەترسیدار وەکو گیانلەدەستدان کۆتایی بێت.
لە لایەکی دیکەوە د. حوسام حەموود، پسپۆڕی دڵ لە نەخۆشخانەی Northwell's Lenox Hillـی ئەمریکا دەڵێت: خواردنەوە وزەبەخشەکان بڕێکی زۆر لە کافاین و مادە هاندەرەکانیان تێدایە کە ئەمانە هەمووی زیان بە دڵ دەگەیێنن.
بەگوتەی د. حوسام، وزەبەخشەکان کاتێک پەستانی دڵ بەرز دەکەنەوە، ماسوولکەکانی دڵیش ئەستوور دەکات و سستیان دەکات.
تەنانەت د. بلێر سوتەر، پسپۆڕی دڵ لە زانکۆی ئۆهایۆی ئەمریکا هۆشداری تووندی دا لەسەر ئەو وزەبەخشانە و گوتی، ''مرۆڤ ئالوودە دەکەن و هەر بەو شێوەیەی ناهێڵنەوە کە بە بڕێکی گونجاو و مامناوەند بیخواتەوە''.
ئەو دەڵێت: رۆژانە کەمتر لە 400 میلیگرام کافاین لە رۆژێکدا ئاساییە بۆ مرۆڤ. بەڵام هەر قوتووەیەکی 250 میلیلیتری وزەبەخش 80 بۆ 110 کافاینی تێدایە، ئەمە جگە لەوەی مرۆڤ کافاین لە خواردنەوەی دیکەشدا وەردەگرێت و ئەو وزەبەخشانەش مادەی پارێزەر، شەکری زیادکراو و مادەی چالاککەری مەترسیداریان تێدایە (ئەگەر زیادەڕۆیی لە خواردنیان بکرێت).
بەپێی CDC و NIH ئەگەر کافاینی زۆر وەربگریت ئەمانەت بەسەردا دێت جا کورتخایەن یان درێژخایەن بن؛
- دڵەکوتێ و ناڕێکیی لێدانی دڵ
- دڵەڕاوکێ
- کێشەکانی کۆئەندامی هەرس
- بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن
- جەڵتە
- لەرزین
- سەرئێشە
- زیادمیزکردن
- وشکبوونەوەی جەستە
- تێکچوونی خەو
- زیادبوونی ئەگەری لەبارچوون (لە خانمانی دووگیان)
- کێشە لە هەڵمژینی دەرمانەکانی (غودە، ئاسن و نەخۆشیی ADHD)
- ئالوودەبوون پێوەی
- لاوازی و بێهێزی

