رووداو - تەندروستی
دووەمین جارە شاری هەولێر بۆ تاقیکردنەوەکانی پسپۆڕیی بۆردی عەرەبیی نەشتەرگەرییەکانی روو و شەویلاگ دەستنیشاندەکرێت؛ بەرپرسی سەنتەری تاقیکردنەوەکان رایدەگەیێنێت، بەرزیی سیستمی تەندروستی و باشیی کواڵیتیی نەخۆشخانەکان وایکردووە نەخۆشخانەیەکی حکومەیی هەولێر دەستنیشانبکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-6-2026 د. عوسمان ئەبوبەکر، بەرپرسی سەنتەری راهێنانی بۆردی عەرەبی لە نەشتەرگەرییەکانی روو و شەویلاگ لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئەمە دووەم جارە لە هەولێر دەکرێت (یەکەمجار ساڵی 2023 بووە لە هەولێر) و شایەتی ئەوە دەدات کە لەڕووی سەلامەتی، ئاسایش و کواڵیتیی نەخۆشخانە و سیستمی تەندروستییەوە شایەنی ئەوەیە تاقیکردنەوەکانی بۆردەکەی تێدا بکرێت و پزیشکانی وڵاتانی عەرەبی تێیدا بڕوانامەی بۆرد بەدەستبهێنن.
د. عوسمان ئەبوبەکر دەڵێت: هەر ساڵێک و لە وڵاتێکی عەرەبیدا دەکرێت، ئەم ساڵ لە عێراق بووە و شاری هەولێر هەڵبژێردراوە کە لە وڵاتانی عەرەبییەوە 26 خوێندکاری بۆرد هاتوون وەکو (عێراق، میسر، سووریا، لیبیا، فەڵەستین، ئیمارات، ئوردن، جەزائیر، توونس، سوودان و هتد...).
تاقیکردنەوەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-6-2026 دەستیانپێکردووە و رۆژی شەممە 20-6-2026 تەواو دەبن.

