رووداو- تەندروستی
دەزگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA)، دەرمانێکی نوێی دژەهەوکردنی کۆمپانیای GSKی پەسندکرد، کە لەڕێگەی دەمەوە وەردەگیرێت بۆ چارەسەری هەوکردنە ئاڵۆزەکانی کۆئەندامی میزەڕۆ (UTIs).
دەرمانە نوێیەکە، کە بە ناوی بازرگانی Utebzi ناسراوە، رێگەیەکی ئاسانتر بۆ چارەسەری هەوکردن دابین دەکات، لەنێویاندا جۆرێک لە هەوکردنی گورچیلە کە بە pyelonephritis ناسراوە، ئەمەش وادەکات نەخۆشەکان بتوانن لە ماڵەوە چارەسەر وەربگرن لەبری مانەوە لە نەخۆشخانە.
کۆمپانیای GSK، رایگەیاندووە کە پێشبینی دەکرێت دەرمانەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 بۆ نەخۆشەکان لە ئەمریکا بەردەست بێت.
ئەمە یەکەم دەرمانی دژەهەوکردنی جۆری کارباپینێمە (carbapenem) کە لەڕێگەی دەمەوە وەربگیرێت، کارباپینێمەکان بەشێوەیەکی بەربڵاو بۆ چارەسەری هەوکردنی بەکتریای "گرام نێگەتیڤ" بەکاردەهێنرێن، بەڵام تائێستا تەنیا لەڕێگەی خوێنهێنەرەوە (IV) بەردەستبوون.
هەوکردنە سادەکانی کۆئەندامی میزەڕۆ بە ئاسانی بە دەرمانەکانی دژەهەوکردن چارەسەر دەکرێن، بەڵام هەوکردنە ئاڵۆزەکان مەترسیی شکستپێهێنانی چارەسەریان زیاترە و هەندێکجار دەبنە هۆی مردن، ساڵانە زیاتر لە 2.8 ملیۆن کەس لە ئەمریکا تووشی هەوکردنی ئاڵۆزی کۆئەندامی میزەڕۆ دەبن.
