رووداو دیجیتاڵ
ئەم رۆژانە، پەناخواز و کرێکارانی بیانی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا خۆپێشاندان دژی قورسکردنی مەرجەکانی مانەوە و مافەکانیان دەکەن. خۆپێشاندەرێک دەڵێت، ئەوەی لەگەڵمان دەکرێت وەکو کۆیلایەتیی مۆدێرنە.
پێشتر کرێکارەکان پێویستیان بە پێنج ساڵ بوو بۆ وەرگرتنی مافی مانەوەی هەمیشەیی، بڕیارە بکرێتە 10 ساڵ.
ئەوانەشی لەسەر هاوکاریی حکومەت دەژین، دەبێت 15 بۆ 20 ساڵ چاوەڕێ بکەن.
تامی، کارمەندی چاودێرییە و خۆپێشاندان دەکات، دەڵێت: "ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزیرەکان قسە بکەین، تاوەکو گوێمان لێ بگرن سەبارەت بە مەرجەکانی ڤیزا، چونکە وەک ئەوە وایە، ئێوە شتێکمان پێدەڵێن، کە ئەگەر بە شێوەیەکی یاسایی بێنە ناو وڵاتەوە، هەندێک مافمان دەبێت، بەڵام کاتێک دەگەینە ئێرە، لەناکاو دەتانەوێت یاساکان بگۆڕن. ئەمە لای من وەک کۆیلایەتیی مۆدێرن وایە."
ئامانجی حکومەت لەو گۆڕانکارییانە کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران و ئەو گوشارە داراییەیە کە لەسەر خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بودجەی دەوڵەت دروست بووە.
فێمی، پەرستارە و دەڵێت: "کاریگەرییەکە یەکجار زۆرە. ئێمە ئەندامی ئەم کۆمەڵگەیەین. بەشداری لە کۆمەڵگەدا دەکەین و باجەکانمان دەدەین. ئێمە چاودێریی خەڵک دەکەین و پێمانوابوو حکومەتیش چاودێریی ئێمە دەکات."
بەگوێرەی حکومەتی بەریتانیا، پار نزیکەی 16 ملیار دۆلاریان لە کۆچبەران و پەناخوازان خەرجکردووە.
حکومەتەکە دەیەوێت ساڵانە لانیکەم ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار لەو خەرجییە کەمبکاتەوە.
جۆزێف، پەرستارێکی دیکەیە و خۆپێشاندان دەکات، دەڵێت: "زۆربەمان دەبوو ئێستا لەسەر کارەکانمان بین، بەڵام کارمان جێهێشتووە تەنیا بۆ ئەوەی بێینە ئێرە و ئەوەی هەمانە نیشانی بدەین. بۆیە دەمانەوێت حکومەت بە راستی، بە راستی رەچاومان بکات و هاوکاریمان بکات."
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، 1ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بۆ 9ی حوزەیران، نۆ هەزار و 142 کۆچبەر چوونەتە وڵاتەکەیان، هەمان ماوەی پار نزیکەی 13 هەزار و 500 کەس چووبوون.
