رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی یەکێک لە کەناراوە هەرە بەناوبانگەکانی دوورگەی سەردینیای ئیتاڵیا، بڕیاریان دا بەکارهێنانی چەتر لە گەشتیارانی تەمەن 10 بۆ 65 ساڵ قەدەخە بکەن؛ ئەمەش بە پاساوی پاراستنی سەلامەتیی گشتی و ئاسانکاری بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە لە کاتی روودانی باری نائاساییدا.
بەرپرسانی کەناراوی "پونتا مۆلێنتیس" (Punta Molentis) لە باشووری دوورگەی سەردینیا رایانگەیاند، تەنیا ئەو خێزانانەی منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵیان هەیە، لەگەڵ کەسانی سەروو تەمەن 65 ساڵ، مافی ئەوەیان هەیە تەنیا "یەک چەتر" لەگەڵ خۆیان ببەنە ناو کەناراوەکە. بۆ هەموو گەشتیارانی دیکە، دانانی هەر جۆرە چەتر، خێوەت و ئامێرێکی سێبەر قەدەخەیە.
ئەم رێسا نوێیە کە لە 5ی حوزەیرانەوە تاوەکو کۆتایی تشرینی یەکەم جێبەجێ دەکرێت، تەنیا قەدەخەکردنی چەتر نییە؛ بەڵکو هەر کەسێک بچێتە ناو ئەم کەناراوە، دەبێت 10 یۆرۆ کرێی چوونەژوورەوە بدات، تەنیا کەمئەندامان و هاوەڵەکانیان لەم پارەیە دەبەخشرێن.
پاساوی بڕیارەکە چییە؟
بەرپرسانی شارەوانیی ناوچەکە دەڵێن، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە پار ئاگرێک لە کەناراوەکەدا کەوتەوە و بەهۆی زۆریی ژمارەی گەشتیاران و چەترەکان، رێگەکانی وشکانی داخرابوون و چۆڵکردنی ناوچەکە "مەحاڵ بوو"، بەو هۆیەشەوە گەشتیاران ناچار بوون بە بەلەم لە دەریاوە ناوچەکە جێبهێڵن.
گوتەبێژێکی شارەوانییەکە رایگەیاند: "بەهۆی زۆریی چەترەکانەوە، رێگەکانی چوونەژوورەوە و دەرچوون داخرابوون، ئەمەش مەترسیی گەورەی بۆ سەر ژیانی خەڵک دروست کردبوو، جگە لەوەی دیمەنی دەریایشی گرتبوو."
ئەم بڕیارە کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە و بەشێک لە گەشتیاران بە "گاڵتەجاڕی" وەسفی دەکەن. یەکێک لە گەشتیاران بە تەنزەوە نووسیویەتی: "چەند نایابە! رۆژێکی خۆش لە کەناراو و دواتر 20 کاژێر مانەوە لە ژووری فریاکەوتن بەهۆی سووتانی پێستەوە لەبەر نەبوونی سێبەر."
ئیتاڵیا بە رێسا تووندەکانی لە کەناراوەکانی ناسراوە، کە هەندێکجار بۆ پاراستنی ژینگە و هەندێکجاریش بۆ رێکخستنی گەشتیارانن، بۆ نموونە:
- لە هەندێک ناوچە، بردنی "لم" لە کەناراوەکان قەدەخەیە و سزاکەی دەگاتە سێ هەزار و 500 دۆلار.
- لە هەندێک شوێن گەشتیار نابێت "خاولی" بەکاربهێنێت و دەبێت "فەرشی حەسیر" دابخات تاوەکو لم پیانەوە نەنووسێت و لم لەگەڵ خۆیان نەبەنە دەرەوە.
- نرخی رۆژانەی کورسی و چەتر لە یانە تایبەتەکاندا دەگاتە نێوان 100 بۆ 500 یۆرۆ.
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان، بەرپرسانی سەردینیا سوورن لەسەر ئەوەی کە پاراستنی ژیانی خەڵک لە کاتی باری نائاساییدا، لە هەموو چێژێکی گەشتیاری گرنگترە.
