رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا دەڵێ، لە رێککەوتن لەگەڵ ئێران نزیکبوونەتەوە. بە درێژایی جەنگ کە لە 28ی شوباتەوە دەستپێکردووە، بەرپرسانی ئەمریکی پێشتریش چەندین جار باسیان لەوە کردووە کە رێککەوتن نزیکە، بەڵام هەموو جارێک دانوستاندنەکان هەرەسیان هێناوە و دەستیان داوەتەوە بۆردوومانکردنی یەکدی. ئەوەی کە وایکردووە ئەم جارە جیاواز بێت و هیوایەک بۆ سەرگرتنی دانوستاندنەکان هەبێت، ئەوەیە کە ئێرانییەکانیش گەشبینن و دەڵێن، رێککەوتن هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە.
رۆژی هەینی، سەرۆکوەزیرانی پاکستانیش رایگەیاند کە ئەمریکا و ئێران لەسەر دەقی رێککەوتنێک رێککەوتوون و ئێستا نێوەندگیرەکان لەگەڵ هەردوولا کار دەکەن بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدەن و واژۆی بکەن.
شەهباز شەریف گوتی، ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە "دەقێکی کۆتایی پەسندکراو؛" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پاکستان کە سەرکردایەتیی هەوڵەکانی نێوەندگیری دەکات، بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو لەگەڵ هەردوو وڵاتە شەڕکەرەکەدا کاردەکات. شەهباز شەریف لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی: "ئاشتی هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی لە ئێکس هەمان شتی نووسی و گوتی رێککەوتن "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە." دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش کە پێشتر چەندین جار گوتبووی گەیشتن بە رێککەوتن زۆر نزیکە، پۆستەکەی عێراقچی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، بڵاوکردەوە.
ئەم پێشکەوتنە لە دانوستاندنەکاندا دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو سێ رۆژ دوو رۆژ ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل بۆردوومانی یەکدییان کرد، کە مەترسیی ئەوەی دروستکرد رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگەڕێتەوە نێو جەنگێکی گەورە و بەرفراوان.
شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی شڵەژاندووە و کێشەی بۆ هەناردەی نەوت و گازی سرووشتی لە کەنداو دروستکردووە، هەرچەندە لە 7ـی نیسانیشەوە ئاگربەستێکی ناسک راگەیێندراوە.
دواخستنی پرسی ئەتۆمی بۆ دوای شەڕەکە
رۆژی هەینی، عێراقچی بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانی راگەیاند، هەردوولا کار بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی سەرەتایی دەکەن بۆ راگەیاندنی کۆتاییهاتنی شەڕ "لە هەموو بەرەکانەوە، بە لوبنانیشەوە."
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو مەرجانەی پەیوەندییان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە هەیە، لە 60 رۆژ دوای واژۆکردنی رێککەوتنە سەرەتاییەکە یەکلایی دەکرێنەوە و گوتیشی، دەکرێ ئەو ماوەیە درێژبکرێتەوە.
بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کێشەی هەرە گەورەی نێوان هەردوولایە. ئەمریکا و ئیسرائیل دەترسن ئەم بەرنامەیە ببێتەهۆی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام تاران هەمیشە دەڵێ، بەرنامەکەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکاش بە رۆژنامەڤانان، لەنێویاندا دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رێککەوتنە نوێیەکه لەنێوبردن و بردنەدەرەوەی یۆرانیۆمە بەرزە پیتێندراوەکەی تاران لەخۆدەگرێ، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران چیدیکە نەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
کێشەی تەنگەی هورمز
داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە یەکێکی دیکەیە لە کێشە گەورەکان. پەککەوتنی هاتووچۆ لەو تەنگەیەدا وایکردووە دابینکردنی وزە لە جیهاندا کەم بێتەوە و نرخی سووتەمەنی و خۆراک بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە.
بەرپرسە ئەمریکییەکە دەڵێ، رێککەوتنە نوێیەکە مەرجی کردنەوەی تەنگەکەی تێدایە. بەڵام عێراقچی دەڵێ، ئێران دەیەوێ لە رێککەوتنەکەدا رێگەی پێبدرێ کرێ یان باج لەو کەشتییانە وەربگرێ کە بەنێو تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن، بە پاساوی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری.
عێراقچی گوتی: "ئەوە تێچووی دەوێ و دەبێت ئەو تێچووەش بدرێ." لە کاتی شەڕەکەدا ئێران ئەم باجەی سەپاندووە، کە ئەمریکا بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتیی دەزانێت. درەنگانی رۆژی هەینیش، سوپای ئەمریکا رایگەیاند کە چەند درۆنێکی ئێرانییان تێکشکاندووە کە دەیانویست کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز بکەنە ئامانج.
هەڵگرتنی سزاکان و واژۆکردنی رێککەوتنەکە
سێ بەرپرسی ناوچەکە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێ، بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسیان راگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێ رێککەوتنە نوێیەکە هەڵگرتنی قۆناخ بە قۆناخی سزاکانی سەر ئێران و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانیشی لەخۆبگرێ. پێشبینیش دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت.
ئیسرائیل نیگەرانە
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ، وڵاتەکەی بەشێک نییە لەو رێککەوتنەی ئێستا دانوستاندنی لەسەر دەکرێ. رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، نەتەنیاهوو و ترەمپ "بەتەواوی هاوڕان" لەسەر ئەوەی کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
هەروەها یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، چاوەڕێ دەکەن ترەمپ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بپارێزێ، وەک لاوازکردنی بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران و ئەو گرووپە چەکدارانەی پاڵپشتییان دەکات. کاتس هۆشداریشیدا کە ئیسرائیل دەتوانێت بە سەربەخۆیی هێرش بکاتە سەر ئێران و لەو ناوچانەش ناکشێتەوە کە لە لوبنان، سووریا و غەززە داگیریکردوون.
بەرپرسانی ناوچەکە ئاماژەیان بەوەش کرد کە رێککەوتنەکە تاڕادەیەکی زۆر بە نێوەندگیریی پاکستان بە سەرۆکایەتیی عاسم مونیر، سوپاسالاری ئەو وڵاتە و بە پاڵپشتیی سعودیە، تورکیا، میسر و قەتەر ئامادە کراوە.
