رووداو دیجیتاڵ
80
ئەمریکی کە لە نزیک بنکەی هەڵدانی مووشەکەکانی کۆمپانیای سپەیس ئێکسـی ئیلۆن مەسک
لە ویلایەتی تێکساس دەژین، سکاڵای یاساییان لەسەر کۆمپانیاکە تۆمارکردووە و دەڵێن؛
دەنگی زەبەلاح و لەرەلەری مووشەکەکانی، ماڵەکانیان وێران دەکات، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی
رۆیتەرزدا هاتووە.
کۆمپانیای سپەیس ئێکس بەردەوام مووشەکی زەبەلاح لە ناوچەی بۆکا چیکا، کە پێی
دەگوترێت ستاربەیس، تاقی دەکاتەوە. ئەم تاقیکردنەوانە دەنگێکی زۆر گەورە و لەرەلەرێکی
هێندە بەهێز دروست دەکەن کە کاریگەریی خراپی لەسەر خانووی خەڵکی ناوچەکە هەیە.
زیانەکان چین؟
خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، ماڵەکانیان خەریکە دادەڕمێت. بۆ نموونە:
• دەرگاکانیان بەباشی داناخرێن.
• زەوی و کاشیی ماڵەکانیان خوار بوونەتەوە و تێکچوون.
• بۆریی ئاوەکانیان بەهۆی لەرەلەری زۆرەوە تەقیون.
• ژنێک دەڵێت، تەنیا بۆ چاککردنەوەی بناخەی ماڵەکەی،
پێویستی بە 100 هەزار دۆلارە، کە ئەمەش لە نرخی خودی خانووەکەی زیاترە. ئەو ژنە دەڵێت:
"ئەوان دەیانەوێت بڕۆن بۆ مەریخ، ئەی باشە دۆخی ئێمە لێرە چی لێدێت؟"
سکاڵاکە چی دەڵێت؟
ئەو 80 کەسە، کۆمپانیاکەی ئیلۆن مەسک بە "کەمتەرخەمی" و "زیانگەیاندن
بە تەندروستی و سەلامەتیی گشتی" تۆمەتبار دەکەن. داوا دەکەن حکومەت رێگە لەم
کارە بگرێت و قەرەبوویان بکاتەوە.
کێشەی دیکەش هەن
جگە لە وێرانبوونی ماڵەکانیان، هاتنی کۆمپانیاکەی مەسک بۆ ئەو ناوچەیە کێشەی
دیکەشی دروستکردووە. نرخی خانوو لەو ناوچەیەدا زۆر بەرزبووەتەوە، لە 131 هەزار دۆلارەوە
بووەتە زیاتر لە 281 هەزار دۆلار، ئەمەش وایکردووە خەڵکە هەژارەکەی ئەوێ نەتوانن
کرێی خانووەکانیان بدەن.
هەروەها کۆمپانیاکە دەستی بەسەر بەشێکی زۆری زەوی و کەناراوە گشتییەکاندا
گرتووە کە پێشتر خەڵک بۆ پشوو بۆی دەچوون و چیدیکە خەڵکی ئاسایی ناتوانن وەک جاران
بۆ سەیران و پشوو سەردانی ئەو ناوچانە بکەن.
