رووداو دیجیتاڵ بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە لە فەرەنسا بەشداری لە لووتکەی وڵاتانی گرووپی جی 7 دەکات کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش ئامادە دەبێت. ئەو بەرپرسە ئەمریکییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ بەشداری لە دانیشتنێکی تایبەتدا دەکات لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپی حەوت و سەرۆک زێلێنسکی." لووتکەی 52؛ ئەجێندایەکی چڕوپڕ بڕیارە 52ـەمین لووتکەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە نێوان 15 بۆ 17ـی حوزەیرانی 2026 لە شاری ئێڤیان لە فەرەنسا بەڕێوەبچێت. فەرەنسا کە سەرۆکایەتیی خولیی ئەم ساڵی گرووپەکەی لە ئەستۆیە، میوانداریی لووتکەکە دەکات. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکی هەستیاردا دێت و سەرکردەکانی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکە (کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریکا) تێیدا بەشدارن. هەروەها یەکێتیی ئەورووپاش لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپاوە نوێنەرایەتی دەکرێت. جگە لەم وڵاتانە، ژمارەیەک وڵاتی دیکەش وەک میوان بانگهێشت کراون، کە بریتین لە: بەڕازیل، میسر، هیندستان، کینیا و کۆریای باشوور. لووتکەکە لەسەر چوار تەوەری سەرەکی جەخت دەکاتەوە: 1.ئاسایشی ئابووری: شیکردنەوەی ناهاوسەنگییە ئابوورییە جیهانییەکان، کەمکردنەوەی سیاسەتە پارێزگارییەکان و دابینکردنی زنجیرەی کانزا گرنگەکان. 2.قەیرانە جیۆپۆلیتیکییەکان: تاوتوێکردنی دۆخی ئۆکراینا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەپاڵ هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش. 3.دواڕۆژی زیرەکیی دەستکرد: دانانی چوارچێوەیەکی جیهانی بۆ بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی زیرەکیی دەستکرد. 4.هاوئاهەنگی و گەشەپێدان: دووبارە بیرکردنەوە لە هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەشەپێدانی ئاسایشی خۆراک و بەهێزکردنی کەرتی تەندروستی لە وڵاتە هەژارەکاندا. کاتی لووتکەکە و ململانێی ئێران کاتی بەڕێوەچوونی ئەم لووتکەیە زۆر گرنگە، چونکە ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی گەورەی نێودەوڵەتییە لە دوای دەسپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتدا، کە تەواوی هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گۆڕی و گرژییەکانی نێوان وڵاتانی دوو دیوی زەریای ئەتڵەسی (ئەمریکا و ئەورووپا)ی قووڵتر کردەوە. لووتکەکە رێک لەو کاتەدا بەڕێوەدەچێت کە ئەمریکا و ئێران لە لێواری واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتندان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. جگە لە هەوڵەکان بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، کە شاخوێنێ گواستنەوەی وزەی جیهانە، سەرکردەکان لە سێ رۆژی داهاتوودا رووبەڕووی کۆمەڵێک دۆسیەی ئاڵۆز و هەستیار دەبنەوە. بەهۆی گرنگیی کۆبوونەوەکە، رێوشوێنی ئەمنیی بێوێنە لە ناوچەکە گیراوەتەبەر. فەرەنسا بە شێوەیەکی کاتی کۆنترۆڵی سنوورە ناوخۆییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی دەستپێکردووەتەوە و هاتوچۆی نێوان وڵاتان بە تووندی چاودێری دەکرێت بۆ پاراستنی ئاسایشی سەرکردە بەشداربووەکان. پرسی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە لووتکەی وڵاتانی گرووپی حەوت دەکات؛ بڕیارە زێلێنسکی لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپەکە بەشداری لە چەندین دانیشتنی تایبەتدا بکات کە سەرنجیان لەسەر بەهێزکردنی دیپلۆماسیی سەربازی و بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی رووسیایە. یەکێکی دیکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی زێلێنسکی لەم لووتکەیەدا، دەستەبەرکردنی پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتیی درێژخایەنە بۆ وڵاتەکەی. ئەمە لەکاتێکدایە کە هاوسەنگیی هێز سەبارەت بە دۆسیەی ئۆکراینا تا رادەیەک گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، هەرچەندە بارودۆخی مەیدانی لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی دەستپێکردووە، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی بەخۆوە نەبینیوە. ماکس بێرگمان، شارەزای کاروباری ئەورووپا لە سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان (CSIS)، ئاماژەی بە گۆڕانی هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپا کرد و گوتی: "لە ساڵی 2025، ئەوروپییەکان بە جۆرێک رێککەوتبوون کە دەبێت لەبەردەم ترەمپدا مل بدەن (چۆک دابدەن)، چونکە ئۆکراینا پێویستی بە پاڵپشتیی سەربازیی ئەمریکا هەبوو؛ بەڵام ئێستا ئێمە لەنێو دینامیکییەکی جیاوازداین، کە تێیدا ئۆکراینا بەو شێوەیە وابەستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە."