رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئەوەی شار و شارۆچکەکانی ئۆکراینا بۆ ماوەی چەندین مانگە لەژێر بۆردوومانێکی چڕ و بەردەوامی رووسیادان، بەڵام شیکەرەوان و چاودێرانی سەربازی دەڵێن، هێرشە زەوینییەکانی رووسیا لە بەرەکانی جەنگدا خاو بوونەتەوە و هێزی پێشوویان نەماوە.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار ساڵ بەسەر دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا، ئێستا وەزارەتی بەرگریی رووسیا وەک پێشتر بەردەوام هەواڵی کۆنترۆڵکردنی شارۆچکە و گوندەکان راناگەیێنێت.
بەگوێرەی داتاکانی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی جەنگ، سوپای رووسیا لە مانگەکانی نیسان و ئایاری رابردوودا، ئەو خاکەی لەدەستی داوە زیاتر بووە لەوەی کە کۆنتڕۆلی کردووە.
درۆنەکان 'ناوچەی مردوو'یان دروستکردووە
ئەلێکساندەر خرامچیخین، شارەزای سەربازیی رووسی دەڵێت، "پێشڕەوییەکانی سوپای رووسیا بە خاویەکی یەکجار زۆر بەڕێوەدەچن." ئەو شارەزایە ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای ئەوەی سوپای رووسیا گەورەتر و پڕچەکترە، بەڵام بەکارهێنانی درۆن لە هەردوولاوە جۆرە "ناوچەیەکی مردوو"ی لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ دروستکردووە، کە رێگەی پێشڕەویی خێرا ناکات.
پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی جەنگ لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت، هێزەکانی ئۆکراینا تاوەکو ئاستێکی باش توانیویانە هێرشە بەهارە و هاوینەییەکەی رووسیا بوەستێنن.
بەهۆی بێتوانایی لە ئۆپەراسیۆنی گەورەدا، رووسیا پەنای بۆ تەکتیکی "دزەکردن" بردووە، کە تێیدا گرووپی بچووکی سەربازان دەچنە پشت هێڵەکانی دووژمن و پێگە گرنگەکان دەگرن تاوەکو هێزی پشتیوانییان بۆ دەچێت.
هاوکات ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئامانجەکانی جەنگی کەمکردووەتەوە. دوای ئەوەی پار باسی لە کۆنتڕۆلکردنی "تەواوی ئۆکراینا" دەکرد، ئێستا تەنیا باس لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەی دۆنباس (دۆنێتسک و لوهانسك) دەکات.
ئۆکرایناش رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە. کیێڤ چیدیکە وەک پێشتر باس لە گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی پێش ساڵی 2022 یان سنوورەکانی سەردەمی سۆڤیەت ناکات، بەڵکو ئێستا ئامانجی سەرەکییان رێگریکردنە لە پێشڕەوییەکان.
لە کاتێکدا بەرەکانی جەنگ تووشی چەقبەستوویی بوون، هەردوولا هێرشە دوورمەوداکانیان چڕکردووەتەوە. رووسیا هێرشی چڕ دەکاتە سەر تۆڕی کارەبا و کیێڤیش کەرتی نەوت.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا هۆشداری داوە کە جەنگی ئۆکراینا، ئێستا لە هەموو کاتێکی دیکە "خوێناویتر" بووە و ژمارەی قوربانییە سڤیلەکان بەهۆی مووشەک و درۆنە دوورمەوداکانەوە لە بەرزبوونەوەدایە.
