رووداو دیجیتاڵ
گی پارمێلین، سەرۆکی سویسرا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە جنێڤ، چەند کاژێرێک دوای پێشوازیکردنی لە سەرکردەکانی گرووپی حەوت (G7) لە فڕۆکەخانە، گوتی: "لە بەرژەوەندیی هەموو جیهاندایە کە سەرەتا ئێمە و لایەنە شەڕکەرەکان کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکان بهێنین و دواتر رێگەیەک بدۆزینەوە بۆ بونیادنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی."
حکومەتی سویسرا رایدەگەیێنێت کە ئامادەیە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا میوانداریی کۆبوونەوەیەک بکات بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئەمریکا و ئێران.
لە لایەکی دیکە، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، هەینی سەرۆکی شاندەکانی ئەمریکا و وڵاتەکەی لە جنێڤ بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن کۆدەبنەوە و دواتر لەوانەیە یەکەم گەڕی دانوستاندنەکانی نێوانیشیان دەستپێبکات.
رۆژی دووشەممە 15-06-2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "لەوانەیە رۆژی هەینی لە سویسرا کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرۆکی شاندەکانی تاران و واشنتن بەڕێوەبچێت.''
بەگوتەی عەباس عێراقچی، دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە جنێڤی سویسرا لەلایەن سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری هەردوو لا، ''لەوانەیە هەر رۆژی هەینی، یەکەم گەڕی دانوستاندنەکانی داهاتووش دەستپێبکات."
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لێکتێگەیشتنەکە دەتوانێت دۆخی وڵاتەکەیان بە شێوەی ئەرێنی بگۆڕێت، ''بەڵام بۆ باشترکردنی ئابووریی ئێران، نابێ تەنیا پشت بە رێککەوتن و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ببەستین."
قسەکانی عەباس عێراقچی لەکاتێکدان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی هەینی رێککەوتن لەگەڵ ئێران لە جنێڤ واژۆ دەکرێت و بەوەش نەوت بە تەنگەی هورمز دا بۆ بازاڕەکانی جیهان دەڕوات.
دوو خاڵی سەرەکیی نێو یاداشتنامەکەی لێکتێگەیشتن، کردنەوەی دەستبەجێی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی وڵاتەکەیە لەلایەن ئەمریکاوە.
بڕیارە دوای واژۆکردنی یاداشتنامەکە، 60 رۆژ دانوستاندنی نێوانیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بەردەوام بێت.
