رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی کۆشکی سپی بەرەو سویسرا بەڕێکەوتووە بۆ بەشداریکردن لە یەکەم گەڕی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی. هاوکات جارید کوشنەریش گەیشتووەتە سویسرا.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) کە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوکراوەتەوە، بڕیاربوو گفتوگۆکان رۆژی هەینی دەستپێبکەن، بەڵام بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لوبنان، بۆ کاتێکی نادیار دواخران و هێشتا وادەیەکی نوێ بۆ دەسپێکردنەوەیان دیاری نەکراوە.
مەرجەکەی ئێران بۆ گفتوگۆ
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاندووە کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پلانی هەبوو رۆژی شەممە بگاتە سویسرا، بەڵام ئەگەری گۆڕانکاری لەو پلانەدا هەیە.
عێراقچی بە وڵاتانی نێوەندگیری راگەیاندووە کە پرسی ئاگربەست لە لوبنان بۆ تاران پرسێکی "یەکلاکەرەوەیە" و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەرکەوتنی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران دەبێت. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێرانییەکان دەیانەوێت پێش چوونە سەر مێزی گفتوگۆ لە سویسرا، دڵنیابنەوە لە جێگیربوونی ئاگربەست.
نێوەندگیریی قەتەر و ئامادەکارییەکان
هەر لە چوارچێوەی ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەدا، محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر کە وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی نێوان هەردوو وڵات دەبینرێت، رۆژی هەینی گەیشتە سویسرا.
سەبارەت بە شاندی ئەمریکاش، بڕیاربوو جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەرۆکایەتیی شاندەکە بکات، بەڵام شەوی پێنجشەممە لەناکاو گەشتەکەی دواخست و تاوەکو ئێستا روون نییە ئایا لەم کۆتایی هەفتەیەدا پەیوەندی بە شاندەکەوە دەکات یان نا.
