رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز زیادی کردووە و هێزەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکەدا بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ پشتیوانیکردن لە ئازادیی کەشتیوانی.
رۆژی شەممە، 20-06-2026 سێنتکۆم رایگەیاند، تێپەڕبوونی سەلامەت بەنێو ئەم رێڕۆ ئاوییە نێودەوڵەتییەدا ئەمڕۆش وەک خۆی ماوەتەوە و 55 کەشتیی بازرگانی بەنێویدا تێپەڕیون، کە بڕێکی زۆر بار و زیاتر لە 17 ملیۆن بەرمیل نەوتیان گواستووەتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ناوەندی هاوبەشی زانیاریی دەریایی (JMIC) لەم هەفتەیەدا رێنماییەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا تێپەڕبوونی سەلامەتی بۆ سەرجەم کەشتییەکان دووپاتکردووەتەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئامادەن و بە وریاییەوە چاودێری دەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی سەرجەم لایەنەکانی رێککەوتنەکە لەگەڵ ئێراندا رێزیان لێدەگیرێت، جێبەجێ دەکرێن و بە تەواوی کاران.
ئەمە لە کاتێکدایە، قەرارگەی خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، کتوپڕ داخستنەوەی تەنگەی هورمز و راگرتنی هەموو جۆرە هاتووچۆیەکی دەریایی تێیدا راگەیاند.
قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە راگەیێندراوەکەیدا هۆکاری داخستنەوەی تەنگەکەی بۆ "پەیمانشکێنیی ئاشکرای ئەمریکا بەرامبەر بە جێبەجێ نەکردنی بڕگەی یەکەمی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ" گەڕاندەوە.
سەرەڕای ئەم راگەیێندراوە تووندەی ئێران، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دەستبەجێ کاردانەوەی نیشاندا و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا "هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە نیشانی بدات ئێران تەنگەی هورمزی داخستبێت،" ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە واشنتن هێشتا دەیەوێت دەرفەت بە دیپلۆماسی بدات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، شاندی وڵاتەکە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان بەرەو سویسرا بەڕێدەکەوێت.
