رووداو دیجیتاڵ
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند، رەشنووسی چوارچێوەی رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکادا، پابەندبوونی واشنتنی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، ئاساییکردنەوەی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچەی کەنداو تێدایە، بەڵام کۆشکی سپی دەستبەجێ هەواڵەکەی رەتکردەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە بەرپرسێکی باڵای ئێرانیش پشتڕاستی دەکاتەوە، دانوستاندن لەگەڵ عومان لە ئارادایە بۆ دانانی "رێکاری نوێ" بۆ تێپەڕبوون بە تەنگەکەدا.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران، کە ئاماژەی بە رەشنووسی سەرەتایی و نافەرمیی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن کردووە، ئەمریکا چەندین بەڵێنی داوە.
راپۆرتەکە دەڵێت: "ویلایەتە یەکگرتووەکان خۆی پابەند کردووە بە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئێران و وازهێنان لە هەراسانکردنی ئەو کەشتیانەی کە بەرەو کۆماری ئیسلامیی ئێران یان لەوێوە دەڕۆن."
لە بەرامبەردا، ئێران لە ماوەی یەک مانگدا رێگە دەدات هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە وەک پێش جەنگ دەستپێبکاتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران (IRIB)، ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی کە دانوستاندنی لەسەر دەکرێت، داوا لە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکات "لە دەوروبەری ئێران بکشێنەوە و گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرن."
بەگوێرەی رەشنووسە ئاشکراکراوەکە، ئێران بەردەوام دەبێت لە بەڕێوەبردنی رێڕۆکانی کەشتیوانی، پشکنینی کەشتییەکان و سەپاندنی باجی خزمەتگوزاری بەسەر کەشتییەکاندا. پابەندییەکانی ئێرانیش کەشتییە سەربازییەکان ناگرێتەوە و تاران "بۆ کردنەوەی بێمەرجی تەنگەکە" رازی نەبووە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، بەڕێوەبردن و رێڕۆی هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەکەدا لەلایەن ئێرانەوە و بە هاوکاریی عومان کۆنترۆڵ دەکرێت.
تەلەڤیزیۆنە ئێرانییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، چوارچێوەی رێککەوتنەکە هێشتا کۆتایی پێنەهاتووە و ئەگەر رێککەوتنێکی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا بکرێت، یاداشتەکە لە شێوەی بڕیارێکی پابەندکەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پەسەند دەکرێت.
سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، رەشنووسەکە دەڵێ واشنتن "بەڵێنێکی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران داوە سەبارەت بەم پرسە،" هەرچەندە روون نییە ئایا ئەمە تەنیا ئەو هێزانە دەگرێتەوە کە لە کاتی جەنگدا جێگیرکراون، یان بنکە سەربازییە هەمیشەییەکانیش دەگرێتەوە.
کاردانەوەی کۆشکی سپی: درۆیەکی تەواوە
کۆشکی سپی بە تووندی وەڵامی راپۆرتە ئێرانییەکەی دایەوە و رایگەیاند: "ئەم راپۆرتەی میدیای کۆنترۆڵکراوی ئێران راست نییە و ئەو یاداشتەی بڵاویانکردووەتەوە درۆیەکی تەواوە. نابێت کەس باوەڕ بەوە بکات کە میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی دەکاتەوە. راستییەکان گرنگن."
سەرەڕای رەتکردنەوەکە، هەندێک لە وردەکارییەکان هاوشێوەی ئەوەن کە بەرپرسانی ئەمریکی باسیان کردووە. بەرپرسان پێشتر رایانگەیاندبوو، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە گەمارۆکە هەڵبگرێت، بە مەرجێک ئێران رێگە بدات کەشتییە بازرگانییەکان بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن.
ئۆلیڤیا وەیلز، گوتەبێژێکی کۆشکی سپی، لە وەڵامی راپۆرتەکەی تەلەڤزیۆنی ئێراندا رایگەیاند: "وەک سەرۆک ترەمپ گوتوویەتی، دانوستاندنەکان بە باشی بەڕێوەدەچن و هێڵە سوورەکانی خۆی روونکردووەتەوە. سەرۆک ترەمپ تەنیا رێککەوتنێکی باش بۆ گەلی ئەمریکا دەکات، کە دەبێت دڵنیایی بدات ئێران هەرگیز ناتوانێت چەکی ئەتۆمیی هەبێت."
عەلی باقری کەنی، جێگری کاروباری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران پشتڕاستیکردەوە، ئێران و عومان پێکەوە لە دانوستاندندان بۆ رێکارێکی نوێ بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان بەنێو تەنگەی هورمزدا.
باقری کەنی گوتی: "مەرج و رێکارەکانی تێپەڕبوون بەنێو تەنگەی هورمزدا بە تەواوی جیاواز دەبن لە مەرجەکانی پێش دەستپێکردنی جەنگەکە."
بەڵام، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد: "تاوەکو لەسەر هەموو پرسەکان نەگەینە رێککەوتن، پێمانوایە لەسەر هیچ شتێک نەگەیشتووینەتە رێککەوتن."
گرنگیی ستراتیژیی تەنگەی هورمز
تەنگەی هورمز لە سەرەتای جەنگەکەوە خاڵێکی سەرەکیی گرژی بووە، دوای ئەوەی لەلایەن تارانەوە داخرا.
ئەم رێڕۆ ئاوییە کە لەنێوان ئێران و عوماندایە، رێگەی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی وەک سعودیە و کوێتەوە بۆ تەواوی جیهان. ئێران لایەنی باکووری تەنگەکە کۆنترۆڵ دەکات. رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت، یان نزیکەی یەک لەسەر پێنجی بەرهەمی رۆژانەی جیهان، بەم تەنگەیەدا تێدەپەڕی. بەگوێرەی شڕۆڤەکاران، ئێستا نزیکەی 10-12 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان گیریان خواردووە.
هەروەها تەنگەکە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی بازرگانیی جیهانیی گازی سرووشتیی شلکراویش دەگوازێتەوە، کە زۆربەی لە قەتەرەوە دێت و هیچ رێگەیەکی دەرچوونی دیکەی نییە.
