رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای دیوانیە رایدەگەیێنێت، شوفێری ئەو بارهەڵگرەی بووە هۆی رووداوی گیان لەدەستدانی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە بەغدا" بەهۆی ماندوێتی و بێهێزی و خەواڵوویی لای داوە و 100% کەمتەرخەم بووە". ئێستا شوفێرەکە لە بنکەی پۆلیسی دەغارە دەستبەسەرە.
عەقید موهەند فەوزی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای دیوانیە، رۆژی پێنجشەممە، 11ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی راپۆرت و هێڵکاری بەرایی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای دیوانییە، رووداوەکە لە نزیک چێشخانەی سوڵتان لەسەر رێگەی خێرا روویداوە، جۆری بارهەڵگرەکە ترێلەی مێرسیدس ئەکترۆسە بە ژمارە 22J 58443.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، رۆژی دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026 بۆ کارێکی میدیایی لەگەڵ تیمێکی رووداو لە بەغداوە بەرەو بەسرە بەڕێکەوت، لە رێگەی خێرادا لە سنووری پارێزگای دیوانیە بارهەڵگرێک لە رێڕۆی خۆی لایدا و رێگەکەی لێ داخستن، بەهۆیەوە هەڵکەوت عەزیز بە سەختی برینداربوو، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەنی فێرکاری دیوانیە لە ئەنجامی سەختی برینەکەی گیانی سپارد.
عەقید موهەند فەوزی، گوتی شوفێرەکە، ناوی محەممەد عەبد خزیر عێدان-ە، لە هێڵکارییەکەدا دەرکەوتووە "شوفێرەکە بەهۆی ماندوێتی و بێهێزی و خەواڵوویی لای داوە و 100% کەمتەرخەم بووە".
هێڵکارییەکە کاژێر 14:00 لە رۆژی 8ی حوزەیرانی 2026 لەلایەن عەمید سەعد تاڵب، لێپرسراوی کەرتی رێگەی خێرا کراوە.
عامر حەسەن روکابی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دیوانیە ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شوفێری بارهەڵگرەکە تەمەنی 45 ساڵە، مۆڵەتی شوفێری گشتی هەیە، خەڵکی قەزای دەغارە-یە و ئێستا لە بنکەی پۆلیسی دەغارە دەستبەسەرە".
قەزای دەغارە دەکەوێتە پارێزگای دیوانیە، 16 کیلۆمەتر لە باکووری رێگەی خێرای بەغدا- باشووری عێراق دوورە. دەکەوێتە باکووری پارێزگای بابل.
عامر حەسەن روکابی، گوتی: "تاوەکو ئێستا کەسوکاری قوربانییەکە بە فەرمی سکاڵایان تۆمار نەکردووە، دادوەر داوای سکاڵا و داوای کەسوکارەکەی کردووە، ئەگەر سکاڵا تۆمار نەکەن، دادوەر بە کەفالەت شوفێرەکە ئازادی دەکات تاوەکو رۆژی دادگاییکردنەکەی".
سەبارەت بە سزای شوفێری بارهەڵگرەکە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دیوانیە دەڵێت: "ئەگەر کەسوکاری قوربانییەکە لێی خۆشبن، سزاکەی شەش مانگ زیندانییە لەگەڵ پێبژاردنی دارایی، کە زیانی بە رێگەوبان گەیاندووە، ئەگەریش کەسوکاری قوربانییەکە لێی خۆش نەبن، ئەوا سزاکەی دەوەستێتە سەر بڕیاری دادوەر، کە بەپێی یاسا دەگاتە حەوت ساڵ زیندانی".
هەروەها سەرچاوەیەک لە بنکەی بنکەی قەزای دەغارە، بە رووداوی گوت: "شۆفێری بارهەڵگرەکە ناوی محەممەد عەبدولخزر عێدانە، خەڵکی ئەسکەندەرییەی پارێزگای حلەیە، ژیانی هاوژینی پێکنەهێناوە، لەبەردەم دادوەر گوتوویەتی کەمتەرخەم بووە و پێی لە برێک ناوە و ئۆتۆمبێلەکەی کێشەی هەبووە، ئێستا بەپێی مادەی 36 راگیراوە."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "بۆ ئەوەی رێکارە یاساییەکان تەواوبکرێت دەبێت گوتەی کامێرامانی هەڵکەوت عەزیز کە شۆفێری دەکرد لەو کاتەدا وەربگیرێت، لەگەڵ گوتەی کەسوکاری قوربانییەکە، چونکە تۆمەتبار تاوەکو 14ـی 6 دەستبەسەر دەبێت، داوای کردووە بە کەفالەت ئازاد بکرێت."
رۆژی چوارشەممە عەقید حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری هۆبەی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شوفێری بارهەڵگرەکە کەمتەرخەم بووە، سەرەتا چووەتە سەر خۆڵ و دواتر رێچکەی رێگەکەی لەدەستداوە و بەتەواوی رێگەکەی داخستوە خۆی بە بەربەستی رێگەکە داداوە و هەردوو ئۆتۆمبێڵەکە پێکیان داداوە".
بەڵام ئاماژەی بەوەکرد، روونە "هێڵکاریی هاتووچۆی بۆ کراوە، کەمتەرخەمییەکە دەکەوێتە ئەستۆی شۆفێری بارهەڵگرەکە کە بە ئۆتۆمبێلەکەی رێگە سەرەکییەکەی گرتووە، لە بنکەی پۆلیس دەستبەسەرە، بەگوێرەی یاسا، بەهۆی ئەوەی مردن هەبووە، شوفێرەکەی سزای زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت".
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، بەڕێوەبەری هۆبەی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، هەڵەی تەکنیکی لە ئۆتۆمبێلەکەی هەبێ یان شوفێرەکەی نووستبێ یان شەکەت و ماندوو بێت، ئەمە دەبێت دادگەی عێراقی ئاشکرای بکات و بڕیار لەبارەوە بدات، هێڵکاریی هاتووچۆ دراوەتەوە دادگە".
ئەنجامی هێڵکاریی پۆلیسی هاتووچۆ بۆ رووداوەکەی هەڵکەوت عەزیز
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای دیوانیە
ژمارەی رووداو: 1
جۆری رووداو: پێکدادان
پارێزگا: دیوانیە، کەرتی هاتووچۆی رێگەی خێرا، نزیک چێشتخانەی سوڵتان
گیانلەدەستدان: نییە (لە شوێنی رووداوەکە)
بریندار: 1
هۆکارەکانی رووداو: لادانی ئۆتۆمبێلی ژمارە 22J 58443 لە جۆری ترێلەی مێرسیدس ئەکترۆس، بارهەڵگر، بەهۆی شەکەتی، ماندوێتی و خەواڵوویی شوفێرەکەی (محەممەد عەبدولخزر عێدان) 100٪ بە کەمتەرخەم دادەنرێت.
زیانگەیاندن بە سامانی گشتی: نییە
رێکەوت: 8-6-2026
کات: 14:00
هێڵکاریکار: عەمید سەعد عەبد تاڵب، لێپرسراوی کەرتی رێگەی خێرا
