رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە تێوەگلانی دیپلۆماتکاران یان ئەندامانی خێزانەکانیان لە دۆسیەی "دەفتەری تاقیکردنەوەکان" لە دەرەوەی وڵات دەکەن و رایدەگەیێنێت، ئەو زانیارییانە "تەواو نادروستن."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی شەممە 13ی حوزەیرانی 2026، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زانیاری لەبارەی قاچاخچێتی بە دەفتەری تاقیکردنەوەکان لە دەرەوەی عێراق بڵاوکراوەتەوە و ناوی هەندێک پلەدار و کەسایەتی دیپلۆماتی تێدا هێنراوە، بەڵام "ئەو زانیارییانە هیچ بنەمایەکیان نییە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەو بانگەشەیەی دەڵێت فەرمانبەرێک لە باڵیۆزخانەی عێراق لە ئۆکراینا بە پلەی کۆنسووڵی گشتی تێوەگلاوە، دوورە لە راستییەوە؛ چونکە لە میلاکی ئەو باڵیۆزخانەیەدا هیچ فەرمانبەرێک بەو ناوە یان بەو پلە و پۆستە نییە."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لەو دەنگۆیانە کرد کە پەیوەندییان بە "نەوەی باڵیۆزێکی ژن"ەوە هەبووە و رایگەیاند، "ئەو زانیارییانەی باس لە دەرچوونی ئەو کچە بەو رێگە نایاساییە دەکەن بێ بنەمان، هێنانە ناوەوەی ناوی خێزانی دیپلۆماتکاران بەبێ بەڵگە، سوکایەتیکردنە بە کەسایەتییان و چەواشەکردنی رای گشتییە."
سەبارەت بە دەسەڵاتی وەزارەتەکە بەسەر قوتابخانەکاندا، لە راگەیێندراوەکەدا روونکراوەتەوە، "قوتابخانە عێراقییەکان لە دەرەوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بەڕێوەدەبرێن و سەرپەرشتی دەکرێن. وەزارەتی پەروەردە بەرپرسی لایەنە کارگێڕی، پەروەردەیی و ئەزموونییەکانە، وەزارەتی دەرەوە هیچ رۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی ئەو دامەزراوانە یان سەرپەرشتیکردنی رێکارە ئەزموونییەکانیاندا نییە."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە میدیاکان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد، لە گواستنەوەی هەواڵدا ورد بن و زانیاری لە سەرچاوەی فەرمییەوە وەربگرن. هەروەها جەختی کردەوە، "مافی یاسایی خۆی دەپارێزێت بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بەرامبەر هەر کەسێک کە بە ئەنقەست زانیاریی نادروست و چەواشەکار لە دژی فەرمانبەرانی وەزارەت و نیوبانگی دیپلۆماسیی عێراق بڵاوبکاتەوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی پەروەردەی عێراق و کۆنووسێکی دەسبەسەرداگرتن، کاژێر 08:00ی بەیانیی رۆژی چوارشەممە 10-06-2026 لە هۆڵی "سامەڕا"ی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا گەشتیارێک بە ناوی (جەواد عەبدولکازم شەوای سوودانی) راگیراوە، کە هەڵگری پاسپۆرتێکی عێراقییە، لەکاتی پشکنینی کەلوپەلەکانیدا، دەست بەسەر 61 دەفتەری تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشەمی ئامادەییدا گیراوە.
