رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی حیکمە رایگەیاند، چاویان لەوەیە لە رۆژانی داهاتوودا وەزیرەکانی دیکەی حکومەتی نوێ متمانەیان پێ بدرێت، هەروەها بە گرنگییەوە باسی لە پاڵپشتیکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان کرد، بە هێزەکانی پێشمەرگەشەوە.
عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە رایگەیاند، عێراق لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورە و دەرفەتێکی گرنگدایە و لە دوای پەسندکردنی بەشی یەکەم، چاویان لەوەیە لە رۆژانی داهاتوودا وەزارەتەکانی دیکەی حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدى دەنگیان پێ بدرێت.
لە 14ی ئایاردا پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 14 بەربژێری وەزارەتەکانی حکومەتی نوێی عێراق دا، بەڵام بەربژێری نۆ وەزارەتی دیکە ماون دەنگیان پێ بدرێت.
عەمار حەکیم رایگەیاند پاڵپشتیکردنی حکومەت بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی هاوبەشە. بە پێویستیشی زانی دۆسیە دواخراوەکان یەکلا بکرێنەوە.
ئەو گوتانەی عەمار حەکیم لە گوتاری جەژنی قورباندا بوو، کە بەیانیی چوارشەممە 27ی ئایار لە بەغدا پێشکێشی کرد.
سەرۆکی رەوتی حیکمە داوای کرد، پەنا بۆ زمانی دیالۆگ ببرێت بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە جەنگ و بارگرژی. هەروەها جەختی لەسەر هەڵوێستی جێگیری عێراق کردەوە لە رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و رەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ هەر هێرشێک.
عەمار حەکیم ئاماژەی بەوەش دا کە ئاڵنگارییە ئەمنییە ئاڵۆزەکان وادەکات بە وردی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات و بەرگریی نێوخۆیی بەهێز بکرێت. بە گرنگییەوە باسی لە پاڵپشتیکردنی دامەزراوە ئەمنییە جیاوازەکان کرد لە سوپا، پۆلیس، حەشدی شەعبی و پێشمەرگە.
