رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق تاوتوێى پێشنیازەیاسایەکى نوێ دەکات لەبارەى چاودێریکردنى ئەو کەسانەى نەخۆشیی دەروونییان هەیە و مافەکانى لە ناوەندەکانی چارەسەری دەروونی دیاریکردووە، لەهەمان کاتدا رێگە دەدات بەوەى پۆلیس بەزۆر نەخۆشێکى دەروونی بباتە ناوەندەکە، ئەگەر نەخۆشەکە مەترسی بۆ سەر خۆی و دەرووبەرى هەبێت.
بەگوێرەی پێشنیازەیاساکە، هەر پزشکێک راپۆرتى ناڕاست لەبارەى نەخۆشیی دەروونى کەسێک بدات، سزاکەى دەگاتە زیاتر لە ساڵێک بەندکردن. پێشنیازەیاساکە لە لیژنەی تەندروستی و بنبڕکردنی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانە و لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، بۆ ئەوەی دوای خوێندنەوەی دووەم پەسند بکرێت.
بەگوێرەی پێشنیازەیاساکە، لیژنەیەکی ناوەندی بۆ تەندروستیی دەروونی دروست دەکرێت، نوێنەرانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، داد، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی تێدایە، کە بەرپرسە لە دۆسیەی ئەو کەسانەی نەخۆشیی دەروونییان هەیە و سەرپەرشتیی ئەو دامەزراوانە دەکات، کە بۆ چارەسەری دەروونیین.
لە پێشنیازەیاساکەدا مافی ئەو کەسانە دیاریکراوە کە نەخۆشیی دەروونییان هەیە، لەوانە: تەرخانکردنی چارەسەری پێویست و رێگری لە ئازاردانی کەسی و سنووردارنەکردنی ئازادییەکەی و دانەنانی لە ژووری دابڕاودا، تەنیا لەو دۆخانەدا نەبێت کە پشکنینی پسپۆڕ دیاریی دەکات، هەروەها پێویستە نهێنیی مانەوەی لە دامەزراوەکان و زانیارییەکانی بپارێزرێت.
پێشنیازەکە رێگەی داوە، ئەو کەسانەی نەخۆشیی دەروونییان هەیە، یان کەسێک کە نوێنەرایەتییان دەکات، لەبەردەم لیژنەیەکی تایبەت تانە بدەن لەبارەی مانەوەیان لە ناوەندەکانى چاودێریی دەروونی.
نابێت ئەو کەسەی نەخۆشیی دەروونیی هەیە بۆ هیچ توێژینەوەیەکی پزیشکی بەکاربهێنرێت، تاوەکو نەخۆشەکە رەزامەندیی نەدات، یان نووسراوی رەزامەندیی هەبێت.
ئەو نەخۆشەی بە ویستی خۆی دەچێتە ناوەندى چارەسەری دەروونی، دەتوانێت لە 48 کاژێردا ئەو شوێنە جێبهێڵێت، تەنیا لە دوو دۆخدا نەبێت؛ کە یان چوونە دەرەوەی زیانی بۆ خۆی و بۆ کەسانی دیکە هەبێت، یان ئەگەر نەیتوانی چاودێریی خۆی بکات.
هەروەها پزیشکی پسپۆڕ بۆی هەیە رێگە لە چوونەدەرەوەی نەخۆشێکی دەروونی بگرێت و لە ژوورێکی پارێزراودا دایبنێت.
د. عادل ساڵحی، سەرۆکی کۆمەڵەی عێراقی بۆ چارەسەری دەروونی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە ئامادەکردنی ئەو پێشنیازەیاسایەدا پرسمان پێ نەکراوە و زیاتر بۆ خزمەتی پزیشکانی دەروونی و دیاریکردنى ئیمتیازاتی ئەو کەسانەیە، کە لەو کەرتەدا کار دەکەن".
د. عادل ساڵحی گوتى: "تێبینیی زۆرمان لەسەر پێشنیازەیاساکە هەیە و دەبوو وەک لایەنی پەیوەندیدار پرسمان پێ بکرێت. یەکێک لەو تێبینییانە، دیاریکردنی ئەو کەسانەیە کە وەک توێژەری دەروونی کار دەکەن، کە دەبێت بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەبێت".
پۆلیس نەخۆش بەزۆر دەباتە چارەسەرگە
یەکێک لە بڕگەکانی دیکە ئەوەیە، ئەگەر سەلمێندرا کەسێک نەخۆشیی دەروونی هەیە و رەتی بکاتەوە بچێتە ناوەندێکى تەندروستی، دەکرێت پەنا بۆ پۆلیس یان تیمی فریاکەوتن یان هەردووکیان پێکەوە ببرێت، ئەگەر نیشانەکانی تێکچوونی دەروونی لەسەر دەرکەوتبێت، کە ئەستەم بێت کۆنترۆڵ بکرێت و مانەوەی لەو دۆخەدا مەترسیی لەسەر خۆی و کەسانی دیکە هەبێت.
ناکرێت کەسێک بە زۆرەملێ ببرێتە دامەزراوەیەکی چارەسەری، بەبێ رەزامەندیی دوو پزیشکی دەروونی، ئەو هەنگاوەش بۆ ماوەی 48 کاتژمێرە و بۆ ئەوەی زیاتر بمێنێتەوە، پێویستی بە رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەیە.
پۆلیس بۆی هەیە لەسەر بنەمای راپۆرتی ئەو پشکنینە دەروونییە و لە دوای فەرمانی دادوەر، بچێتە نێو شوێنە تایبەتەکان یان خانوو، ئەگەر نەخۆشێکی دەروونیی تێدایە و تووشی تێکچوونی باری دەروونی بووە، بۆ ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ ناوەندى چارەسەری دەروونى.
سزاى پزیشکانی پسپۆڕ
ئەگەر هەر پزیشکێکی دەروونی بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی کارکردنی پیشەیی وەک پزیشکی دەروونی کار بکات، سزاکەی دەگاتە دوو ساڵ بەندکردن و دوو ملیۆن دینار پێبژاردن.
هەر پزیشکێک نهێنییەکانی نەخۆشێکی دەروونی بدرکێنێت، یان هاوکاریی نەخۆشێک بکات بۆ ئەوەی لە چارەسەرگەیەک هەڵبێت، سزاکەی ساڵێک بەندکردن و پێبژاردنە بە بڕی یەک ملیۆن دینار.
ئەگەر دەرکەوت پزیشکێک راپۆرتی ناڕاست لەسەر باری دەروونیی کەسێک بدات بە مەبەستی راپێچکردنى بۆ ناو چارەسەرگەی دەروونی یان دەرچوون لێی، سزاکەی بەندکردنەکە کە لە ساڵێک کەمتر نەبێت و پێبژاردنەکەشی دوو ملیۆن دینارە.
