رووداو دیجیتاڵ
یەکەم یاریی مۆندیالی 2026 بەڕێوەدەچێت، هەردوو هەڵبژاردەی مەکسیک و ئەفریقای باشوور لە یەکەم دەرکەوتنیاندا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
هەڵبژاردەی مەکسیک دەیەوێت گرێی رۆژی یەکەمی لە مۆندیالدا بکاتەوە، کاتێک لە یەکەم یاریی مۆندیالی 2026 بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەفریقای باشوور یاریی دەکات.
هەڵبژاردەکە لە یەکەم یاریی مۆندیالدا لەنێو خاک و هاندەرانیدا یاریی دەکات و دەیەوێت گرێی ئەنجامە خراپەکانی لە یەکەم یاریی مۆندیالدا بکاتەوە، ئێل تریکۆلۆر پێشتر 5 یاریی لە یەکەم دەرکەوتنەکانیدا لە مۆندیالدا دۆڕاندووە و دووجار یەکسانبووە، نایەوێت ئەمجارە جگە لە بردنەوە هیچ ئەنجامێکی دیکەی هەبێت و راهێنەری هەڵبژاردەکەش دەڵێت "پێویستە کۆتایی بەو نەریتە بهێنین".
مەکسیک ماوەیەکی زۆرە خۆی بۆ ئەم مۆندیالە ئامادەدەکات، هەڵبژاردەکە لە دوایین 8 یاریی دۆستانەدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، هەڵبژاردەکە دەیەوێت بە سەرکردایەتیی راول خیمینێز، ئەستێرەی دیاری پرێمەرلیگ لە یەکەم یارییدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
هەڵبژاردەی مەکسیک 18 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، باشترین ئەنجامی گەیشتن بووە بە قۆناخی هەشت لە هەردوو مۆندیالی 1970 و 1986.
هەڵبژاردەی ئەفریقای بۆ دەستپێکی مۆندیال ئامادەیە و هەڵبژاردەکە دەیەوێت لە یەکەم یارییدا بە ئەنجامێکی باشەوە بچێتەوە نێو رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە.
ئەفریقای باشوور رۆژی چوارشەممە دوایین مەشق و راهێنانەکانی بۆ یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە لە شاری پاچۆکا ئەنجامدا و ئەمشەو لە یەکەم دەرکەوتنیدا بەرامبەر مەکسیکی میوانداری مۆندیال یاریی دەکات.
ئەفریقای باشوور لە دوای 16 ساڵ و لە دوای مۆندیالی 2010 کە خۆیان میوانداری پاڵەوانێتییەکە بوون، یەکەمجارە دەگاتەوە مۆندیال، ئەم هەڵبژاردەیە چوارجار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، بەڵام هەرگیز نەیتوانی لە قۆناخی کۆمەڵەکان بپەڕێتەوە و هەر لە قۆناخی یەکەمدا ماڵئاوایی کردووە.
ئەفریقای باشوور چوار یاریی بەرامبەر مەکسیک ئەنجامداوە، تەنیا یەک سەرکەوتنی بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە هەبووە ئەویش لە جامی زێڕین بوو لە 2005.
ساڵی 2010 هەردوو هەڵبژاردە یەکەم یاریی مۆندیالیان ئەنجامدا و یەکسانبوون، ئەو کاتە مۆندیال لە ئەفریقای باشوور بوو، ئەمجارەش هەردوو هەڵبژاردە یاریی کردنەوە ئەنجامدەدەن، بەڵام ئەمجارە لە مەکسیکە.
