رووداو دیجیتاڵ
زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی سوێد، کە ئێستا لە ئەمریکا و وەک شرۆڤەکاری یارییەکانی مۆندیال لە تەلەڤیزیۆنێکی ئەمریکی دەردەکەوێت، رووبەڕووی رەخنە و هێرشی تووندی بۆسنییەکان بووەوە، پاشئەوەی رایگەیاند لە مۆندیالدا هانی هەڵبژاردەی کرواتیا دەدات.
گلەیی بۆسنییەکان لە زڵاتان لەبەرئەوەیە کە ئەوان پێیانوایە، ئەو پشتی لە نیشتمانی باوکی کردووە و بۆسنییەکانی تووڕەکردووە.
ئیبرا کە لە 122 یاریدا درێسی هەڵبژاردەی سوێدی پۆشیوە و 62 گۆڵی تۆمارکردووە، هەمووانی تووشی شۆک کرد، کاتیک رایگەیاند پشتگیری کرواتیای نیشتمانی دایکی دەکات، لە کاتێکدا باوکی لەدایکبووی بۆسنەیە.
کاتێک لە زڵاتان پرسیارکرا لەبارەی کۆمەڵەی دڵخوازییەوە، ئەو گوتی، کۆمەڵەی یانزە، لەوێ ئینگلتەرا هەیە و جامەکە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی، با ببینین.. بەرلەوەی بڵێت، "من هەروەها بنەچەم کرواتییە، لەبەرئەوە لەم پاڵەوانێتییەدا، هانی ئەوان دەدەم".
ئەو لێدوانە بەسبوو بۆ ئەوەی بۆسنییەکان بەتووندی لە دژی ئەستێرەکەی پێشووی میلان بێنە سەر هێڵ و زۆرینەیان وایانداناوە ئەو نەفرەتی لە بنەچەی خۆی کردووە.
لە سۆشیال میدیاوە، هێرشی زۆر کرایە سەر ئیبرا، هەندێک نووسییان"تۆ خیانەتکاری، باوکت بۆسنییە، مێشک پووت"، کەسێکی دیکە بۆ ئەوی نووسیوە، "دەکرا بڵێ من هانی بۆسنەش دەدەم".
لە بەرامبەردا، هاندەرە کرواتییەکان بەجۆرێک لە هاودەنگی و شانازییەوە باسی ئیبرایانکرد، کەسێک بۆ ئەوی نووسیوە، دەبوو لەگەڵ ئێمەدا یاریی بکات، ئەوکات مۆندیالی 2018مان دەبردەوە. لە کاتێکدا یەکێکی دیکە دەڵێ، "بیهێننە بەرچاوتان کرواتیا چی لێدەهات ئەگەر مانزۆکیچ و مۆدریچ، لە پشتی زڵاتانەوە بوونایە".
ئیبرا تەنیا بەوەوە نەوەستاوە کە هاندانی خۆی بۆ کرواتیا راگەیاندووە، بەڵکو دەڵێ، گانا بەهرەمەندی گەورەی هەیە، بەڵام پەنەما دەبێتە پاروویەکی چەور بۆ ئینگلتەرا و کرواتیا، کە رکابەریی لەسەر پلەکانی یەکەم و دووەمی کۆمەڵەکە دەکەن.
