رووداو دیجیتاڵ
دوای 15 ساڵ، کۆنسووڵخانەی گشتیی سووریا لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان کرایەوە. لە رێوڕەسمەکەدا، وەزیری دەرەوەی سووریا ئاڵای وڵاتەکەی لەسەر باڵەخانەی کۆنسووڵخانەکەدا هەڵکرد.
رۆژی پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، کۆنسووڵخانەی گشتیی سووریا لە دیلۆکی باکووری کوردستان کرایەوە. عەلی ئۆزەل، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنسووڵخانەکەدا لە گەڕەکی گوڤەنئێڤلەری ناوەندی شاری دیلۆک، ئامادە بوو.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، بە هەڵکردنی ئاڵای سووریا، کۆنسوڵخانەکەی کردەوە.
کۆنسووڵخانەکە یەکەمجار لە ساڵی 2005 کرایەوە، بەڵام ساڵی 2011 بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوخۆی سووریاوە داخرا.
جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، "کردنەوەی کۆنسووڵخانەکە، جگە لەوەی پێداویستییەکانی برا سوورییەکانمان لە عەنتاب و دەوروبەری دابین دەکات، هاوکات هاوئاهەنگیی نێوان گەلەکانمان بەهێزتر دەکات.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، "ئەم پێشهاتە پردێکی پتەوە کە پەیوەندییەکانی دراوسێیەتی و هاوئاهەنگیی قووڵی نێوان گەلانی سووریا و تورکیا بەهێزتر دەکات."
لە رێوڕەسمەکەدا، کەمال چەبەر، پارێزگاری دیلۆک؛ فاتما شاهین، سەرۆکی گەورەشارەوانیی دیلۆک؛ نوح یڵماز، باڵیۆزی تورکیا لە دیمەشق و عەلی جەمالەدین مستەفا، کۆنسوڵی گشتیی سووریا لە دیلۆک ئامادەبوون.
بەگوێرەی ئاماری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لەم وڵاتەدا 2 ملیۆن و 263 هەزار و 642 پەنابەری کاتی سووریایی نیشتەجێن. لە ریزبەندی یەکەمدا ئیستەنبووڵ دێت کە 399 هەزار و 215 سووریایی تێیدا نیشتەجێن. دیلۆک بە 318 هەزار و 732 سووریایی لە ریزبەندی دووەم دێت.
حکومەتی سووریا باڵیۆزخانەیەکی لە ئەنقەرە و دوو کۆنسوڵخانەی لە ئیستەنبووڵ و دیلۆک هەیە.
