رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی پاسەوانی سنوور لە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، پاسەوانێکیان لە کاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی پەکەکە کوژراوە.
رۆژی یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026، محەممەد ئەحمەدی، فەرماندەی پاسەوانی سنوور لە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "لەسنووری چاڵدێران بە هۆی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گرووپێکی دژبەر پاسەوانێکی سنوور بە ناوی حوسێن رەسوولی، کوژراوە."
بە گوتەی محەممەد ئەحمەدی، حوسین رەسوولی چەند رۆژ بەر لە ئێستا رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە بریندار بووە و دوای چەند رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە.
محەممەد ئەحمەدی راشیگەیاند، لە تێکهەڵچوونەکەدا دوو گەریلای پەکەکەش گیانیان لە دەست داوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لەکاتی رووبەڕووبوونەوەکەدا، هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە، بەڵام فەرماندەی پاسەوانی سنووری ورمێ دەڵێت،"تۆڵەی ئەوە لە دووژمنان و گرووپە جوداخوازەکان دەکەینەوە."
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، باکووری کوردستان و نەخجەوانی ئازەربایجان سنووری هاوبەشی هەیە.
