رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی دەڵێ، هەر نەخۆشخانەیەک بە پاساوی نەبوونی پارە یان شوێن نەخۆش وەرنەگرێ، سزای تووند دەدرێ و ئاماژە بەوەش دەکات: "ئەگەر بەو هۆیەوە نەخۆش گیان لەدەستبدات، لێپرسراوی نەخۆشخانەکە تۆمەتبارە."
رۆژی یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، دکتۆر رەسووڵ عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دۆخی لەو جۆرە هەیە کە "نەخۆشخانە تایبەتەکان نەخۆش وەرنەگرن. بۆ نموونە، ئەو نەخۆشەی بە برینداری گەیێندرایە نەخۆشخانەیەک لە سلێمانی، بەڵام بە بیانووی نەبوونی چاودێریی چڕ چارەسەرنەکرا و گیانی لەدەستدا ( مەبەستی لە غەزال مەولانە)."
دکتۆر رەسووڵ عەبدولخالق باسی لە نوێترین رووداوی لەو جۆرە کرد و گوتی:"دوێنێ کەسێک جەڵتەی مێشک لێی دا، بردیانە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی هەولێر، بەڵام بەهۆی نەدانی پارەوە رایانگرت و گوتبوویان تاوەکو 5 ملیۆن دینار نەدەن، نەشتەرگەری بۆ ناکرێ. نەخۆش پارەی نەبێت، دەتوانێ چی بکات؟ پێویستە ئیدی نەخۆشی فریاگوزاری لەسەر پارە رانەگیرێ و هەموو چارسەرێکی بۆ بکرێ".
بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی گوتی، دەبێت سەرجەم نەخۆشەکان لە نەخۆشخانەکان وەربگیرێن و گوتی: "نەخۆش کە دۆخی فریاکەوتن بوو، دەبێت چارەسەر بکرێ، ئیدی پارەی پێبێت یان نا، کەسی لەگەڵ بێت یان نا. هەر شوێنێکیش سەرپێچی بکات، سزا دەدرێ".
دکتۆر رەسووڵ عەبدولخالق لەبارەی جۆری سزاکان گوتی:"بەپێی جۆری سەرپێچییەکە دەگۆڕێ. ئەگەر مردنی لێ بکەوێتەوە، سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەکە تۆمەتبارە. سزاکان لە پێبژاردنەوە دەستپێدەکەن تاوەکو داخستن و تەنانەت گرتنی کەسی سەرپێچیکار و کردنەوەی پەڕاوی دادگەش."
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەم بوارەوە بڕیارێکی دەرکردووە کە واژۆی دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لەسەرە و لە 11/06/2026 دەرچووە.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا کە ئاراستەی سەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەکان کراوە، هاتووە: "لە کاتی رەوانەکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەیەکەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە، بەتایبەت نەخۆشانی فریاکەوتن و باری ناجێگیر، پێویستە هەموو نەخۆشخانەیەک بە ئەرکی وەرگرتنی نەخۆش هەڵبسێت."
وەزارەتی تەندروستی بە رووداوی گوت، هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی هێلی گەرمی بەڕێوەبەرایەتیی پشکنین و بەدواداچوونەوە سکاڵا تۆمار بکەن لە رێگەی ژمارەی 07508169991
