رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند رۆژێک لە دابەزینی پلەی گەرما لە باشووری کوردستان، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما نزیکەی پێنج پلە بەرز دەبێتەوە. کەشناسێک دەڵێت: "ئیدی فێنکی نامێنێت".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێ، لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بارینی کەمێک نمەباران هەیە. پلەی گەرما بەراورد بە دوێنی یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە".
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، بەراورد بە ئەمڕۆ، پلەی گەرما دوو بۆ سێ پلەی دیکە بەرز دەبێتەوە.
سالار حاجی عەلی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەپۆلێکی گەرمای تووند لە سبەیەوە روودەکاتە هەرێمی کوردستان و عێراق؛ چیدی فێنکی نامێنێت".
ئەو شارەزایەی کەشناسیی پێشبینی کرد، لەو شەپۆلەی گەرمادا کە لە سبەیەوە دەستپێدەکات، پلەی گەرما لە زۆرینەی باشووری کوردستان بگاتە 40 پلەی سیلیزی و لە بەشێکی شارەکان وەکو کەرکووک، هەولێر و گەرمیان پلەی گەرما 40 پلەش تێپەڕێنێت.
پلەی گەرمای سبەی شارەکانی باشووری کوردستان:
هەولێر: 37 پلەی سیلیزی
دهۆک: 37 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 35 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 41 پلەی سیلیزی
هەلەبجە: 38 پلەی سیلیزی
پیرمام: 34 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 37پلەی سیلیزی
زاخۆ: 38 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 26 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 42 پلەی سیلیزی
