رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی 9 رۆژ لە گەڕانی چڕ و بەردەوام، تەرمی ئەو کچە گەشتیارە دۆزرایەوە کە لە هاوینەهەواری زەڵم لە دەڤەری هەورامان کەوتبووە ناو ئاو و خنکابوو.
رۆژی چوارشەممە، 17ـی حوزیرانی 2026، زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای نزیکەی 9 رۆژ گەڕان، تەرمێک لەناو ئاو دۆزراوەتەوە کە بە ئەگەرێکی زۆر تەرمی ئەو کچە گەشتیارەیە کە لە هاوینەهەواری زەڵم ونببوو".
کچە منداڵەکە عەرەبە و خەڵکی کەربەلایە.
بە گوتەی زانیار عومەر، تەرمەکە لەلایەن تیمەکانەوە دۆزراوەتەوە، ئەمەش دوای "هەوڵێکی زۆری تیمەکانمان و بەکارهێنانی چەندین شێوازی جیاوازی گەڕان هات."
رۆژی 9ـی حوزەیرانی 2026، منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ کە لەگەڵ خێزانەکەیدا بە مەبەستی گەشتکردن لە شاری کەربەلاوە چووبوونە هاوینەهەواری زەڵم لە دەڤەری هەورامان لە پارێزگای هەڵەبجە، کەوتە ناو ئاوەکەوە و بەهۆی خێرایی ئاوەکەوە خنکا. لەو کاتەوە تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوام بوون لە گەڕان تاوەکو ئەمڕۆ تەرمەکەیان دۆزییەوە.
سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ئاماری خنکانی ئەم ساڵی بۆ رووداو ئاشکرا کرد. بەپێی ئامارەکە، تاوەکو ئێستا 29 کەس لە هەرێمی کوردستان خنکاون و زۆرترین رووداویش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بووە.
