رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەوڵ و کۆششی خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان دەکات بۆ دۆزینەوەی تەرمی کچە کەربەلاییەکە.
رۆژی چوارشەممە، ئەو منداڵە کەربەلاییەی 10 رۆژ لەمەوبەر کەوتە نێو ئاوی سەرچاوەی زەڵم دۆزرایەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، "سوپاس و پێزانینێکی زۆرم بۆ خەڵکی خۆشەویست، جوامێر و مرۆڤدۆستی پارێزگەی هەڵەبجە و هەورامان هەیە کە لە چەند رۆژی رابردوودا، هەوڵێکی بێ وچان و کۆششێکی بێ وێنەیان کرد لە دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارێکی جوانەمەرگی خەڵکی کەربەلا بە ناوی روقیە".
مەسرور بارزانی دەڵێت، "ئەمە هەرگیز نامۆ نییە بە کولتووری مرۆڤدۆستی و بەخشندەیی خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی دەستخۆشی لە پارێزگاری هەڵەبجە و هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی و هەموو ئەو خۆبەخش و کەسانە دەکەم رۆڵیان لە دۆزینەوەی تەرمەکەدا هەبوو".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی "قووڵی" خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری منداڵەکە دەکات. خودای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییان پێ ببەخشێت.
مەسرور بارزانی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت دەکات رێکار و رێنمایی پێویستی سەلامەتی لە شوێنە گەشتیارییەکان تووندوتۆڵتر بکەن بە تایبەتی لە نزیک رووبار، بەنداو و سەرچاوەکانی ئاو.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوایش لە هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکات رێنماییەکان لەبەرچاو بگرن.
