رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ئیلام دەڵێت، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمی ترێ لە باخ و رەزەکانی ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 20 هەزار تۆن بێت.
رۆژی پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، موسلیم ئەسەدی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، وەرزی لێکردنەوەی ترێ لە باخەکانی پارێزگای ئیلام دەستیپێکردووە و پێشبینی دەکەن ئەمساڵ بەرهەمەکە زیاتر لە 20 هەزار تۆن بێت.
موسلیم ئەسەدی گوتی، وەرزی لێکردنەوەی ترێ لە باخەکانی پارێزگای ئیلام لە مانگی سێیەمی بەهارەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کۆتایی هاوین بەردەوام دەبێت.
بەگوتەی ئەسەدی، رەز و باخەکانی ترێ لە پارێزگای ئیلام دەرفەتی کاریان بۆ زیاتر لە چوار هەزار و 758 کەس لە دانیشتووانی پارێزگاکە رەخساندووە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ئیلام ئاماژە بەوە دەکات، زۆرترین بەرهەمی ترێی پارێزگاکە لە سنووری شارەکانی ئەیوان، چەرداوەڵ، هەلیلان، سیروان، ئیلام و مەلەکشایە.
موسلیم ئەسەدی گوتی، بەشێکی ترێی پارێزگاکە هەناردەی پارێزگاکانی کرماشان، هەمەدان، خوزستان و تاران دەکرێت.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئیلام، رووبەری باخی ترێ لە پارێزگاکە هەزار و 586 هێکتارە، کە هەزار و 382 هێکتاری بەرئاو و 204 هێکتاریشی دێمییە.