رووداو دیجیتاڵ هونەرمەند و نووسەری کورد، حەمە هاشم، 27ی حوزەیرانی ئەم ساڵ لە شاری ئۆرادیای رۆمانیا، پێشانگەیەکی تایبەت بە ناوی "رووخسارەکانی دوای جەنگ" دەکاتەوە. پێشانگەکە لە "رێپێراج گەلەری بۆ هونەر" بەڕێوەدەچێت. حەمە هاشم 52 تابلۆی نوێی خۆی نمایش دەکات کە سەرجەمیان بە تەکنیکی ئەکریلیک لەسەر کانڤاس کێشراون و بەشێکیان قەبارەیەکی گەورەیان هەیە. پێشانگەکە، ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت و بە بانگهێشتی فەرمیی یەکێتیی هونەرمەندانی شێوەکاریی رۆمانیا و بە سەرپەرشتیی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئۆرادیا رێک خراوە. حەمە هاشم، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تابلۆکانم گوزارشت لەو رووخسارە ماندوو و ئازارچەشتووانە دەکەن کە شوێنەواری تاڵی جەنگ، تووندوتیژی و رووداوە نەخوازراوەکانی ژیان شوێنەواریان لەسەر بەجێهێشتووە. لە رێگەی دیدێکی (ئێکسپرێشنیستی - هونەری دەربڕینخوازی )ـەوە کاریگەرییە وێرانکارییەکانی جەنگ و ناخۆشییەکان نیشان دەدات، کە روویان لە جیهان بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی کردووە." حەمە هاشم، گوتیشی: "لە رێگەی بەکارهێنانی تەکنیکی ئەکریلیکەوە، لە تابلۆکانمدا هەستەکانی وەک خەم، بێهیوایی و خۆڕاگریم بە شێوەیەکی کاریگەر بەرجەستە کردووە. رەنگە تۆخ و کاڵەکان و شێوازی کێشانی هێڵەکان، چیرۆکی پشت هەر رووخسارێک دەگێڕنەوە و وادەکەن بینەر راستەوخۆ لەگەڵ تابلۆکان تێکەڵ ببێت." لەبارەی چۆنیەتیی میواندارییەکەی کە وڵاتی رۆمانیا بۆی رێکخستووە، حەمە هاشم گوتی، "ساڵانی 2016-2018 بەشداریم لە چالاکییەکانی یەکێتیی شێوەکارانی رۆمانیام کردووە و شانازیی ئەندامبوونیم وەرگرتووە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵ د. ڤیۆرا بارا رێککەوتوون بۆ ئەنجامدانی ئەم پێشانگەیە و تێچووی گواستنەوەی تابلۆکان و میوانداری لە ئەستۆی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئۆرادیایە. ئەم تابلۆیانە کە زۆربەیان لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا تەواو بوون، یەکەم جارە نمایش دەکرێن. حەمە هاشم هیواخوازە ئەگەر دەرفەت هەبێت، بتوانێت هاوئاهەنگی بکات و ئەم بەرهەمانە لە کوردستانیش نمایش بکات.