رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی گەشبینی بە رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئەگەری کرانەوەی تەنگەی هورمز، رۆژی هەینی نرخی نەوت دابەزی.
هەرچەندە هێشتا رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا 100٪ یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام بازاڕی نەوت کاردانەوەی تووندی بەرامبەر بە ئەگەری رێککەوتنەکە پێشان داوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە رێژەی 3.4٪ دابەزی و بەرمیلێکی بە 87 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 3.2٪ دابەزی بۆ 84 دۆلار و 88 سەنت.
لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخەکانی نەوت بە رێژەی 6٪ دابەزین، سەرەڕای ئەوەش هێشتا نرخەکان بە رێژەی 20٪ زیاترن لە نرخەکانی پێش دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا.
ئیدارەی ترەمپ رایگەیاندووە، بە رێژەی 80٪ هەلی رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەیە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە وەرگیراون، رێککەوتنەکە دەبێتە هۆکار بۆ کرانەوەی تەنگەی هورمز، لادانی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران و لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران. لە بەرامبەردا ئەگەر ئێران پابەندی رێککەوتنەکە بێت، دەستی بە بەشێک لە سامانە بلۆککراوەکانی دەگاتەوە.
