رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخەکانی نەوت دووبارە بەرزبوونەوە، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکان لە کەمیی وردەکاریی لە رێککەوتنی سەرەتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەروەها هەستکردن بەوەی کە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی تەنگەی گرنگی هورمزەوە رەنگە کاتێکی زیاتر بخایەنێت لەوەی کە پێشبینی دەکرا.
نرخی نەوتی خاوی برێنت 26 سەنت بەرزبووەوەو گەیشتە 83.42 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نەوتی نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکی 46 سەنت بەرزبووەوە بۆ 81.12 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. رۆژی دووشەممە، نرخەکانی نەوت نزیکەی 5% دابەزین بۆ نزمترین ئاستی خۆیان لە دوای 4ی ئادارەوە ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران واژۆ کراوە.
سەرەڕای گەشبینی دوای راگەیاندنەکە، هێشتا وردەکارییەکانی یاداشتنامەکە بە گشتی بڵاونەکراونەتەوە و رێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ ئاگربەست ئەنجام نەدراوە.
ئاماژە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە رێککەوتنەکە، تەنگەی هورمز دەکاتەوە و ئاگربەست بۆ ماوەی60 رۆژ درێژ دەکاتەوە، ئەمەش دەرفەت بە دانوستاندکاران دەدات بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئاڵۆزەکانی وەک داهاتووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. رۆژی دووشەممە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران گوتی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران هەنگاوێکی گرنگە بۆ راگرتنی شەڕ، بەڵام رێککەوتنی کۆتایی بۆ ئاگربەستێکی بەردەوام هێشتا نەکراوە.
تیم واتەرەر، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای KCM Trade لەو بارەیەوە رایگەیاند: "رەنگە کێشە گەورەکە لە وردەکارییەکاندا بێت، تا ئەو کاتەی ئەو وردەکارییانەش دەرنەکەون، ئەگەری زۆرە بازاڕ چاوەڕوان بکات و مەترسییە جیوسیاسییەکان بەو زووانە لە بازاڕی نەوتدا نەڕەوێنەوە."
تەنانەت لەگەڵ رێککەوتنی ئێستاشدا، هێشتا روون نییە کە ئەو بڕە نەوتەی کەمکرابووەوە، چەند بە خێرایی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بازاڕ.
تۆنی سیکامۆر، شارەزای بازاڕی نەوت لە کۆمپانیای IG دەڵێت "رێگەی گەڕانەوە بۆ هەناردەی ئاسایی نەوت هێشتا زۆری ماوە و سادە نییە."
سیکامۆر ئاماژەی بەوە دەکات، "پاککردنەوەی مینەکان، گەڕاندنەوەی تەواوی بیمەی دەریایی، و قایلکردنی کەشتییەکان و کۆمپانیاکان بۆ گەڕانەوە بۆ کەنداو هەموویان کاتیان دەوێت، هەروەها دووبارە خستنەگەڕی ئەو بیرە نەوتانەی داخرابوون و چاککردنەوەی ژێرخانە زیانلێکەوتووەکانی ناوچەکەش کاتی دەوێت."
