رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بازرگانی دانەوێڵەی هەولێر رایگەیاند، پێنجشەممە پارەی گەنمی پار دابەش دەکەن. هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم هەفتەیە پارەی گەنم لە دهۆکیش دابەش دەکرێ و لە سلێمانی و هەڵەبجەش هەفتەی داهاتوو پارەکە دابەش دەکەن.
عێراق 41 ملیار و 450 ملیۆن دیناری بۆ پارەی گەنمی پاری جووتیارانی هەرێمی کوردستان ناردووە. 13 ملیار و 717 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای هەولێرە؛ 16 ملیار و 858 ملیۆن دینار بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و 10 ملیار و 875 ملیۆن دیناریش بۆ پارێزگای دهۆک.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی و دوو سبەی دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەی گەنم لە هەولێر و دهۆک دەستپێدەکات، کە لە بەغداوە نێردراوە".
میران بەختیار، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە رۆژی پێنجشەممە بە گوێرەی خشتەی دیاریکراو ئەو بەشە پارەیەی بۆمان نێردراوە بەسەر جووتیاراندا دابەشی دەکەین".
هەر ئەمڕۆ نازم محەممەد، بەڕێوەبەری بازرگانی دانەوێڵەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرقاڵی رێکارە کارگێڕییە بانکییەکانین و هەموو هەوڵێک بۆ ئەوەیە، سبەی یان دوو سبەی پارەی گەیشتوو دابەش بکەین".
بەگوتەی نەوزاد شێخ کامیل، بەهۆی رێکارەکانەوە دابەشکردنی پارەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.
وێڕای ناردنی 41 ملیار دینار، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 141 ملیار دینار پارەی گەنمی ساڵی رابردووی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراق ماوە.
