رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، دۆخی سووتەمەنی "کۆنترۆڵ کراوە" و هیچ قەیرانێک لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە نەماوە، بەڵام بەشێک لە هاونیشتمانییان لە کەرکووک دەڵێن، بۆ وەرگرتنی بەنزین ناچارن دوو کاژێر لە نۆرەدا بووەستن.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 17ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی نەوت تەواوی هەوڵەكانی خستوەتەگەڕ بۆ دابینكردنی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ هاووڵاتییان، لەسەرووی هەموویانەوە بەنزین. پێشتر کەمبوونەوەیەک لە بڕی بەرهەمهێنان هەبوو بەراورد بە بڕی بەكاربردن، بەڵام دۆخەكە لە رێگەی كارپێكردنی پاڵاوگە نیشتمانییەكان بە تەواوی توانایانەوە كۆنترۆڵ كراوە."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کرد، بڕێکی زۆر بەنزین لە دەرەوەی وڵات هاوردە کراوە بۆ ئەوەی کێشەکە نەمێنێت و گوتیشی، "ئێستا هیچ قەیرانێك لە بەغدا یان پارێزگاكان نییە. لە ئەگەری هەبوونی هەر کەمبوونێکی بەنزینیش، لە رێگەی بەنزینی هاوردەكراوەوە پڕدەكرێتەوە."
بە گوتەی سەلیم روکابی، بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆتاییهاتنی جەنگ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بازاڕ دروست کردووە و گوتی، "ئاماژەی زۆر ئەرێنی هەن بۆ سەقامگیریی بازاڕەكانی وزە و گەڕانەوەی ئەو كۆمپانیا بیانییانەی پێشتر لە كێڵگە و پاڵاوگە نەوتییەكان كشابوونەوە."
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەڵاحەدین سەبارەت بە دۆخی سنوورەکە بە رووداوی گوت، "هیچ قەیرانێک لێرە نییە."
جەمال شەشۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوایش بە رووداوی راگەیاند، "کۆمپانیای دابەشکردنی نەوتی پارێزگاکە لە دۆخیکی زۆر باشدایە؛ هەر کات لە وێستگەکانیش بەنزین نەمێنێ، یەدەگی کۆگاکراو هەیە و هیچ قەیرانێک نییە."
محەممەد ئەحمەد، شۆفێرێکی دانیشتووی موسڵ بە رووداوی گوت، "پشکی بەنزین لای ئێمە بە پسوولەیە، 3 رۆژ جارێکە واتە لە هەفتەیەکدا دوو جار دەتوانین بەنزین وەربگرین. ماوەی وەرگرتنی پشکی بەنزین هەر هێندە دەخایەنێت کە پسوولەکە بە فەرمانبەرەکە بدەیت و بچیتە ژوورەوە، واتە درێژە ناکێشێت."
"بۆ بەنزین دوو کاژێر لە نۆرەداین"
ئاری ئەحمەد، هاووڵاتییەکی نیشتەجێی کەرکووکە و باس لەو گرفتانە دەکات کە لە کاتی وەرگرتنی بەنزیندا رووبەڕوویان دەبێتەوە.
ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت، "بەنزینخانە تایبەتەکان زۆربەی کات داخراون، بۆیە گوشار کەوتووەتە سەر وێستگە حکومییەکان و ئەوانیش لە کاتی خۆیدا نایکەنەوە و زووش دایدەخەن. پێویستم بە بەنزینی موحەسەنە بەڵام دەستم ناکەوێ، ناچارم دوو کاژێر لە نۆرەدا بووەستم تاوەکو بەنزینی نۆرماڵ لە وێستگەی حکومی وەربگرم."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، وەزارەتی نەوتی عێراق بەشە بەنزینی زۆربەی پارێزگاکانی عێراقی کەمکردووەتەوە، لەوانەش کەرکووک.
عەلی رەبیع، بەڕێوەبەری دابەبەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک، بە رووداوی گوت، "بەرهەمهێنانی رۆژانەی بەنزین لە عێراق 31 ملیۆن لیترە، بڕی بەکارهاتوو 35 ملیۆن لیترە، واتە 4 ملیۆن لیتر کورتهێنانمان هەیە. پێش جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە رێگەی وڵاتانی وەک ئیمارات ئەو کورتهێنانە پڕدەکرایەوە بە هاوردەکردنی بەنزینی ئۆکتان بەرز، ئێستا ئەوە نەماوە بەهۆی کێشەکانی تەنگەی هورمز."
عەلی رەبیع دەڵێ، "لەو بڕەش کە پشکی کەرکووکە، 150 هەزار لیتر کەمکرایەوە، ئێستا 1 ملیۆن و 750 هەزار لیترە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دروستبوونی قەرەباڵخی بەنزینخانەکان ئەوەیە کە لە کۆی 9 وێستگەی گازی ئۆتۆمبێل، تەنیا 3 وێستگە کار دەکەن.
هەڵۆ جەباری، نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند، "بەشێکی زۆری پاڵاوگەکانی باشووری عێراق لەکارکەوتوون و بەهۆی نزیکبوونەوەی یادی عاشوورایشەوە بەکاربردنی بەنزین زیادی کردووە، تەنانەت ئێستا لە کەرکووکەوە بەنزین رەوانەی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە دەکرێ."
هەڵۆ جەباری رایگەیاند، "نەک تەنیا بەشە بەنزینی کەرکووک، بەڵکو بەشە بەنزینی زۆربەی پارێزگاکان کەمکراوەتەوە."
لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق وەرگرتنی بەنزین بەبێ پسوولەیە، بەڵام لە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری مادەی 140 بە پسوولەیە و هەر پێنج رۆژ جارێک 50 لیتر بەنزین دەدرێتە هەر ئۆتۆمبێلێک کە نیشتەجێی پارێزگاکەیە.
نرخی جۆرەکانی بەنزین لە بەنزینخانەکان:
- بەنزینی نۆرماڵ: 450 دینار (تەنیا ئەم جۆرە لە وێستگە حکومییەکان هەیە).
- بەنزینی موحەسەن: 850 دینار.
- بەنزینی سوپەر ئۆکتان: 1250 دینار.
