رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری عێراق دەڵێ، ئەم ساڵ هیچ بڕە زێڕێک لە رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە هاوردە نەکراوە.
ئەندزیار عەلی کەریم سەعید، بەڕێوەبەری بەشی خشڵ لە دەزگای ناوەندی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 20ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا هیچ بڕە زێڕێک لە رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە هاوردە نەکراوە."
سەرچاوەی سەرەکی هاوردەکردنی زێڕ، ئیمارات بە پلەی یەکەم و دواتر تورکیا دێ. بەگوتەی ئەندزیار عەلی کەریم سەعید، "ساڵی رابردوو 882 کلیۆ زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە هاوردە کرابوو."
زێڕ لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە هاوردە دەکرێ. رۆژی 23ی کانوونی دووەمی 2025 بەشی پشکنینی زێڕ لە فڕۆکەخانەی کەرکووک بە فەرمی وەک چوارەمین بەشی پشکنینی زێڕ لە عێراق کرایەوە، دوا هەریەک لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا، بەسرە و نەجەف. ئەوە جگە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی لە هەرێمی کوردستان.
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە فڕۆکەخانەی کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە، 20 ی حوزەیرانی 2026، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پێشتڕاستی کردەوە کە ئەم ساڵ هیچ بڕە زێڕێک لە رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە هاوردە نەکراوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە فڕۆکەخانەی کەرکووک گوتی، "هیچ کێشەیەک لە بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی کەرکووک نییە."
لەکاتی کردنەوەی بەشی پشکنینی زێڕ لە فڕۆکەخانەی کەرکووک، فەیاز محەممەد دلێمی، سەرۆکی دەزگای ناوەندیی پێوانە و کۆنترۆڵی جۆریی عێراق گوتی، "کارمەندەکان راهێنانیان پێکراوە، ئیدی بازرگانەکان دەتوانن لە رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە زێڕ هاوردە بکەن."
16ی ئۆکتۆبەری 2022 بە ئامادەبوونی ناسر حوسێن، وەزیری گواستنەوە و شاندێکی حکومەتی عێراق لە رێوڕەسمێکدا دوور لە کەناڵەکانی راگەیاندن، فڕۆکەخانەی کەرکووک کرایەوە. یەکەم گەشتی نێودەوڵەتیی فڕۆکەخانەکە لە هەمان مانگدا بۆ تورکیا بوو.
