رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی رۆمان لە شاری سلێمانی، یەکێک لە شاکارە بەنێوبانگەکانی ئەدەبیاتی جیهانی بە ناوی (نامە بۆ دایکم) بڵاوکردەوە. ئەم بەرهەمە شیعرێکی درێژی خوان خێلمەن، شاعیری نێوداری ئەرجەنتینییە، لەلایەن وەرگێڕ و نووسەر، ژیار هۆمەر، لە زمانی ئیسپانییەوە کراوە بە کوردی.
خوان خێلمەن (1930-2014) وەک یەکێک لە گەورەترین شاعیرانی هاوچەرخی زمانی ئیسپانی دادەنرێت. ژۆزێ ساراماگۆ، خاوەن خەڵاتی نۆبڵ، لەبارەیەوە دەڵێ: "خێلمەن لە مەزنترین شاعیرانی ئەم سەردەمەیە."
خێلمەن چوارەمین نووسەری ئەرجەنتینی بوو کە خەڵاتی سێرڤانتێس (پڕبایەخترین خەڵاتی ئەدەبیی ئیسپانی) لە ساڵی 2007دا وەرگرت.
چیرۆکی تراژیدیای پشت (نامە بۆ دایکم)
ئەم دەقە لە ساڵی 1982دا نووسراوە، کاتێک خێلمەن وەک ئاوارە لە پاریس دەژیا. ئەو بەهۆی گوشارە سیاسییەکان و سزای مەرگ کە حکومەتی دیکتاتۆریی وڵاتەکەی بۆی دەرکردبوو، نەیدەتوانی بگەڕێتەوە. خێلمەن هەوڵی دا بە پاسپۆرتێکی ساختە بگەڕێتەوە تاوەکو بۆ دواجار چاوی بە دایکی بکەوێت، بەڵام فریا نەکەوت.
لە ماوەی گەشتەکەیدا 3 نامەی پێ گەیشت؛ یەکەمیان هەواڵی باشی دایکی بوو، دووەمیان خوشکەکەی هەواڵی کۆچی دوایی دایکی پێ دا و، سێیەمیش نامەیەک بوو کە خودی دایکی پێشتر بۆی نووسیبوو. خێلمەن لە تاوی ئەم خەمە، ئەم شیعرە درێژەی نووسی و پاش سێ ساڵ لە سندووقێکدا دۆزییەوە و دایڕشتەوە.
وەرگێڕانێک تێکەڵ بە خەمی دایک
ژیار هۆمەر، کە پێشتر بەرهەمی زیاتر لە 100 نووسەری کوردی گەیاندووەتە جیهان، لە پێشەکیی کتێبەکەدا باس لە پەیوەندییەکی رووحیی نێوان خۆی و ئەم دەقە دەکات و بە رووداوی گوت: لە ساڵی 2022دا دایکی بە دەستی خۆی ناشتووە و پاش ماوەیەک خوان خێلمەنی لە رێگەی ئەم دەقەوە ناسیوە.
هۆمەر گوتی: "خوان خێلمەن لەم دەقەدا یاریی بە زمان و رێزمان دەکات و چاوگی سەمەرە دادەتاشێت. منیش هەوڵم داوە بە هەمان شێوازی چڕ دایبڕێژمەوە تاوەکو چیدیکە ئەو بێدەنگییەی لە دەورەی ژیانی خێلمەن و ئازارەکانیدا هەبوو، لە ناو زمانی کوردیدا نەمێنێت."
ژیانی خێلمەن پڕ بوو لە ناخۆشی؛ لە ساڵی 1976دا کچ و کوڕ و بووکە دووگیانەکەی لەلایەن رژێمی ئەو کاتی ئەرجەنتینەوە رفێندران. ئەو 24 ساڵی رەبەق بە دوای نەوەکەیدا گەڕا تاوەکو لە ساڵی 2000دا بە (ماریا ماکارێنا)ی نەوەی شاد بووەوە.
ئێستا ئەم کتێبە لە ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە بەردەستە و بڕیارە رێوڕەسمی ناساندنی بۆ بکرێت.
ژیار هۆمەر وەرگێڕ و نووسەرە، لەدایکبووی سلێمانییە، وەرگێڕی وێژەی ئەمریکای لاتین بۆ کوردی و وێژەی کوردی بۆ چەندین زمانە، بەرهەمی پتر لە 100 نووسەری کوردی لە سەروو 30 وڵات بڵاو کردووەتەوە. نووسەرە لە گۆڤاری ئیلیان. ئەندامی ناوەندی کەشکۆڵە لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی و ناوەندی پێنی کورد لە ئەڵمانیا.
سەرەڕای گوڵبژێری شیعری زازاکی و هەورامی، کتێبی خوان کارلۆس ئۆنێتی، کارلۆس رویز زافۆن، ماریۆ بێیاتین، ماریۆ بارگاس یۆسا، شێرزاد حەسەن، بەختیار عەلی، دلاوەر قەرەداخی و فەرهاد پیرباڵی وەرگێڕاوە.
