رووداو دیجیتاڵ
سادق زیباکەلام، شرۆڤەکاری سیاسیی ئێران بە فەرمانی دەسەڵاتی دادی وڵاتەکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵی فارس، سەر بە سوپای پاسداران رایگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ تاران سادق زیبا کەلام، مامۆستای پێشووی زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی دەستبەسەر کرا."
بەپێی ئاژانسەکە، دەسەڵاتی دادی تاران رایگەیاندووە: "سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانەی سادق زیباکەلام، لە چاوپێکەوتنێکی میدیایی لێدوانی داوە کە بووە هۆی ئەوەی سکاڵای نوێ لە دژی تۆمار بکرێت و فەرمانی چاودێری دادوەری چڕتر بکرێتەوە."
ئێستا دۆسیەی سادق زیبا کەلام، لە دادگای رۆشنبیری و راگەیاندنە و لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت.
رۆژی 14ی ئایاری 2026دەسەڵاتی دادی ئێران سزای سێ مانگ قەدەخەکردنی هەر جۆرە چالاکییەکی میدیایی و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر سادق زیباکەلام، مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی سەپاندبوو.
دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاندبوو: "بڕیاری چاودێریی دادوەری سەبارەت بە قەدەخەکردنی هەر جۆرە چالاکییەکی میدیایی و بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ماوەی سێ مانگ، بەسادق زیباکەلام، بەڕێوەبەری بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی ئانا راگەیێندراوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەسەڵاتی دادی ئێران، سزادانی ئەو مامۆستایەی زانکۆ دوای ئەوە دێت کە لە ئاژانسی هەواڵی "ئانا" و لە بەرنامەی (پۆڵ حافز) چاوپێکەوتنێکی کردووە. دوای بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنەکە، داواکاری گشتیی تاران سکاڵای یاسایی لە دژی سادق زیباکەلام و ئەو دەزگا راگەیاندنەی لێدوانەکانی بڵاوکردووەتەوە تۆمارکردووە، بەو هۆیەشەوە دادگە بڕیاری سزادانی بۆ دەرکردووە.
سادق زیباکەلام، یەکێکە لە ناسراوترین مامۆستاکانی زانکۆ و شرۆڤەکارە سیاسییەکانی ئێران و لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەر و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی "ئانا"یە، کە بەهۆی لێدوان و دیدگا سیاسییەکانیەوە چەندین جار رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی بووەتەوە.
لە رۆژی 8-10-2022، سادق زیبا کەلام، کە ئەوکات مامۆستای بەشی زانستی سیاسیی زانکۆی تاران بوو، بەهۆی هەڵوێستەکانی لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئێران و گیانلەدەستدانی گوماناوی ژینا ئەمینی، وانەگوتنەوەی زانکۆی لێ قەدەخە کرا.
سادق زیباکەلام ساڵی 1949 لە تارانی پایتەختی ئێران لەدایکبووە. نزیکەی 20 ساڵە مامۆستای یاسا و زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تارانە و جگە لەوەش لە چەندین زانکۆی دیکەی ئێران لەو بوارەدا وانەی گوتووەتەوە.
