رووداو دیجیتاڵ
لە درێژەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران بیسترا. بەگوێرەی میدیای فەرمیی وڵاتەکە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا ژمارەیەک هاووڵاتی کوژراون و دوو کەسیش بریندار بوون.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 11-06-2026، سوپای ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد. میدیای فەرمیی وڵاتەکە پشتڕاستی کردووەتەوە، تاوەکو ئێستا چەندین جار لە شاری بەندەر عەباسی سەر بە پارێزگای بووشەهری باشووری ئێران دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
بە فەرمی هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو شوێنانەی کە کراونەتە ئامانج بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی میدیا خۆجێیەکانی بەندەر عەباس، تەقینەوەکان لە رۆژئاوای شارەکە بیستراون.
هاوکات باس لەوە دەکرێ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پارێزگای بووشەهر لە باشووری ئێران کارا کراوە و ''سەرکەوتووانە'' بەرپەرچی چەندین هێرشی درۆنی داوەتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە سوپای ئەمریکا هێرشی کردووەتەوە سەر شارەکانی کرگان، میناب، سیریک و دوورگەکانی قیشم، کیش و هەنگام لە پارێزگای هورمزگانیش.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر شاری کرگان، چەند هاووڵاتییەک کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شاری ئابیک و چەند ناوچەیەکی دیکەی پارێزگای قەزوێن بیستراوە.
لە شاری ئەشتەهارد و کەرەجی سەر بە پارێزگای ئەلبورزیش سیستمی بەرگریی ئاسمانی کارا کراوە و جیا لە بیستنی دەنگی تەقینەوە، چەندین درۆن لە ئاسمانی شارەکان بینراون.
لە سنووری پارێزگای تارانیش لە شارەکانی مەلارد، وەرامین، رەبات کەریم و چەند ناوچەیەکی دیکە لە رۆژئاوای پارێزگاکە دەنگی تەقینەوە بیستراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو شوێنانەی کە هێرشیان کراوەتە سەر بڵاو نەکراوەتەوە.
لە بەرامبەردا قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێرانیش دەڵێت، هێزەکانی سوپای پاسداران و ئەرتەش لە وەڵامی هێرشەکاندا، چەندین ئامانجی ئەمریکییان لە ناوچەکە پێکاوە.
