رووداو دیجیتاڵ سوپای پاسدارانی ئێران بە 12 مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر بنکەی ئاسمانیی ئەزرەق لە ئوردن و رایگەیاند، بنکەی فڕۆکە جەنگییەکانی F-35، F-15 و F-16ی ئەمریکی و ناوەندی کۆنترۆڵ و فەرماندەیی سوپای ئەو وڵاتەیان تێکشکاندووە. ئەمەش وایکرد کوێت ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا دابخات و باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە عەممان هۆشداری بە هاووڵاتییانی بدات. رۆژی پێنجشەممە 11-06-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، سوپاکەیان وەک وەڵامێک بۆ هێرشە مووشەکییەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر هاوینەهەوارێک، کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنان، کەمپی سەربازی لە نزیک کەرەج و نەزەرئاباد، لەگەڵ بنکەیەکی خۆجێیی سوپای پاسداران لە پێشوا، ئۆپەراسیۆنێکی تووندیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کردووە. سوپای پاسداران رایگەیاند، بە 12 مووشەکی بالیستی، بنکەی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-35، F- 15 و F-16 و دامەزراوە گرنگەکانی سوپای ئەمریکایان لە بنکەی ئاسمانیی (ئەزرەق) لە ئوردن پێکاوە و تێکشکاندووە، هاوکات لەگەڵ تێکشکاندنی ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکە جەنگییەکان. هەروەها رایانگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان تاوەکو بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی دووژمن بەردەوام دەبن. لەگەڵ هێرشەکان، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن بە ئاماژەدان بە بوونی مووشەک و درۆنەکانی ئێران لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا، داوای لە هاووڵاتییانی خۆی کرد لە ناوەوەی باڵەخانەکاندا بمێننەوە یان لە شوێنە ئارامەکاندا پەنا بگرن. لەلایەکی دیکەوە، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی سڤیلی کوێت رایگەیاند، ئاسمانی وڵاتەکەی بە شێوەیەکی کاتی بەهۆی "هێرشە دەستدرێژکارانە بەردەوامەکانی ئێرانەوە" داخستووە. دەستەکە ئاماژەی بەوە کرد، دوای نەمانی سەرچاوەی مەترسییەکان، دەستبەجێ ئاسمانەکە دەکرێتەوە و هاتوچۆی ئاسمانی دەستپێدەکاتەوە.