رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە گەیشتوونەتە "رێککەوتنێکی گەورە" لەگەڵ تاران، وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵام دەداتەوە و دەڵێت، پرسەکە هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و ئێران لە ژێر گوشاردا لە "هێڵە سوورەکانی" دانابەزێت.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 11ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە (ئۆڤاڵ ئۆفیس) رایگەیاند، "تازە گەیشتینە رێککەوتنێکی گەورە سەبارەت بە جەنگ لەگەڵ ئێران." ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە پێشبینی دەکات لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنەکە لە ئەورووپا واژۆ بکرێت و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک بۆ ئەو مەبەستە گەشتی ئەورووپا دەکات.
وەڵامی تاران: ئەوەی دەگوترێت تەنیا ئەگەرە
لە بەرامبەر لێدوانەکانی ترەمپ، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوەی لەبارەی رێککەوتن دەگوترێت تەنیا "ئەگەرە" و پرسەکە نەگەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.
بەقایی بە تووندی هێرشی کردە سەر هەڵوێستەکانی واشنتن و ئاماژەی بەوە کرد، "لەم رۆژانەدا ئەمریکییەکان هەوڵیان دا خواستی نابەجێی خۆیان بسەپێنن، بەڵام ئێران پیشانی دا بە هیچ شێوەیەک خۆی رادەست ناکات. ئەگەر ئێران لە ژێر گوشار و هەڕەشەدا لە هێڵە سوورەکانی دابەزیبایە، پێش ساڵێک ئەو کارەی دەکرد."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران واشنتنی بە هۆکاری ئاڵۆزییەکان تۆمەتبار کرد و گوتی، "دۆخی تەنگەی هورمز بەهۆی هەنگاوەکانی ئەمریکا ناسەقامگیرترە." راشیگەیاند کە "بەشی هەرەزۆر"ی لێکتێگەیشتنەکان گەیشتوونەتە ئەنجام، بەڵام "هەڵوێستە ناجێگیرەکانی ئەمریکا پڕۆسەکەی تووشی کێشە کردووە."
بەقایی دەشڵێت کە دەبێت سەرەتا لایەنەکانی "کۆی دەسەڵاتی ئێران" لەسەر وردەکارییەکان بگەنە ئەنجام، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە بڕیاری کۆتایی هێشتا نەدراوە.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانەکانی دا باسی لەوە کرد کە ئەمجارە رێککەوتنەکە دەکرێت، چونکە بە گوتەی ئەو ئێرانییەکان "زۆر خراپ پێکراون" و ئاگاداریشە کە موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران "رێککەوتنەکەی پەسند کردووە."
بەڵام ئیسماعیل بەقایی ئەمەی رەتکردەوە و گوتی، "ئەمریکییەکان خەریکی بانگەشەی ئەوەن کە ئێران لە ژێر گوشاردا رازی بووە، بەڵام ئێمە لە هێڵە سوورەکانمان دانابەزین."
ئەم وەرچەرخانە دیپلۆماسییە دوای 10 رۆژ لە پێکدادانی تووندی سەربازی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دێت. ئاڵۆزییەکان کاتێک گەیشتنە لووتکە کە درۆنێکی ئێرانی هێلیکۆپتەرێکی جۆری (ئەپاچی) ئەمریکای خستە خوارەوە، واشنتنیش لە بەرامبەردا 20 ئامانجی سەربازیی لە ناوخۆی ئێران بۆردوومان کرد.
