رووداو دیجیتاڵ
لە دوو ناوچەی پارێزگای لوڕستان دەست بەسەر 30 کیلۆگرام تریاکدا گیرا. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، پەیوەست بە دۆسیەکە 15 کەس دەستگیر کراون.
ئەمڕۆ هەینی 12-06-2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە چوارچێوەی نەهێشتنی تاوان و بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، لە سەرانسەری پارێزگاکە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان کردووە.
بەگوێرەی پۆلیسی لوڕستان، لە شاری (چگینی)ـی سەر بە پارێزگاکە دەستیان بەسەر زیاتر لە 10 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری تریاکدا گرتووە و پێنج فرۆشیاری مادەکەش دەستگیر کراون.
هاوکات لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکەی پۆلیس بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی تاوان و بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر، لە شاری دلفان 10 فرۆشیاری مادەکە دەستگیرکراون و دوای پشکنینی شوێنی مانەوەیان، دەست بەسەر زیاتر لە 19 کیلۆگرام تریاکدا گیراوە.
لە هەردوو شاریش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەست بەسەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلدا گیراوە، کە بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بەکارهێنران.
پارێزگای لوڕستان بەهۆی هاوسنووربوونی لەگەڵ پێنج پارێزگای خوزستان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، مەرکەزی، هەمەدان و ئیسفەهانی ئێران، هەروەها دوو پارێزگای کرماشان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەکو ترانزێت بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بۆ دەرەوە و نێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردەهێندرێت.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادەهۆشبەرەکانی لوڕستان، تەنیا لە سێ رۆژی کۆتایی مانگی ئایاردا لە سنووری پارێزگاکە، دەست بەسەر 2579 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە.
