رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی هەواڵی CNNـی ئەمریکی لە راپۆرتێکی تایبەتدا باس لەوە دەکات، لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئێران هەوڵەکانی چڕکردوونەتەوە بۆ شاردنەوە و پاراستنی یۆرانیۆمە ئاست بەرزە پیتێندراوەکەی. بۆ ئەم مەبەستەش، بە مەبەست تونێلەکانی رووخاندووە و دەرگاکانیشی بە مین و تەقەمەنی بۆمبڕێژ کردووە.
بە گوتەی "پێنج سەرچاوەی ئاگادار لە هەواڵگریی ئەمریکا" کە قسەیان بۆ CNN کردووە، گەیشتن بەو نیو تۆن یۆرانیۆمە پیتێندراوەی ئێران ئێستا زۆر قورستر و مەترسیدارترە و کاتی زیاتری پێویستە بەراورد بە مانگێک لەمەوبەر. ئەم هەنگاوەی ئێرانیش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا ئاماژەی بەوە کردبوو کە رەنگە فەرمان بە سوپای ئەمریکا بکات بچنە نێو ئێرانەوە و دەست بەسەر ئەو یۆرانیۆمەدا بگرن.
کێشە بۆ رێککەوتنەکە دروست دەکات
ئەم قەڵخانکردن و رێکارە نوێیانەی ئێران، کێشەیەکی گەورە بۆ ئەو رێککەوتنە دروست دەکات کە ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت لەگەڵ تاران واژۆی بکات بۆ دەرهێنان و لەنێوبردنی یۆرانیۆمەکە. چونکە ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، کێ دەتوانێت ئەو ئەرکە مەترسیدارەی دەرهێنانی یۆرانیۆمەکە لەنێو ئەو تونێلە بۆمبڕێژکراوانەدا جێبەجێ بکات؟
بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران هێشتا بە فەرمی هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم هەواڵە نەداوە.
ترەمپ چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران، ئامانجی سەرەکیی ئەمریکایە لە دانوستاندنەکانی ئێستادا، کە مەبەست لێیان کۆتاییهێنان بە شەڕ و کردنەوەی تەنگەی هورمزە.
لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان لە کۆشکی سپی، کە دیار کوردە بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداویش ئامادەی بوو، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا راگەیاند، هەردوو وڵات زۆر نزیکن لە گەیشتن بە رێککەوتنێک کە ئێران ناچار دەکات یۆرانیۆمەکە رادەستی ئەمریکا بکات. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، یۆرانیۆمەکە هەر لە شوێنی خۆیدا لەنێودەبردرێت، واتە پووچەڵ دەکرێتەوە و دواتر دەبردرێتە دەرەوەی وڵاتەکە.
بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران قسەی جیاواز لەسەر رێککەوتنە سەرەتاییەکە دەکەن و هێشتا مەرجەکانی رێککەوتنەکە بەتەواوی روون نین. ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی هەینی، رەشنووسی ئەو رێککەوتنە دزەی پێکرا و لەلایەن ئاژانسێکی هەواڵی نیمچە فەرمیی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە، کە ئەمەش وایکرد ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر تووڕە بێت.
